تا ئێستە دۆخی كەرتی غەزەی فەلەستینی نادیارە، ئیسرائیل دەیەوێ بەهەر شێوەیەك بارمتەكانی لە بزووتنەوەی حەماس وەربگرێتەوە و حەماسیش وەك تاكە كارتی دەستی بۆ مانەوەی سەیریان دەكات، نێردراوی ئەمەریكا پێشنیازێكی ئاگربەستی لە غەزە پێشكەش كرد، حەماس پێی رازی نەبوو و ئەمەریكا و ئیسرائیل لە گفتوگانی ئاگربەست كشانەوە، ئێستەش ئەگەری هەیە بۆ كۆتاهێنان بە دۆخەكە ئەمەریكا و ئیسرائیل پەنا بۆ چەند بژارەیەك ببەن لەوانە سەربازی بۆ كۆتاهێنان بە بابەتی بارمتەكان.
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەر لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆرسۆلا فۆن دیر لاین سەرۆكی كۆمسیاری ئەوروپا بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، پێویستە ئیسرائیل بڕیاری خۆی لەبارەی هەنگاوی داهاتووی لە كەرتی غەزە بدات، من نازانم لە غەزە چی روودەدات، بەڵام پێویستە ئیسرائیل بڕیاری خۆی لەبارەی هەنگاوی داهاتوو بدات، نازانین لە دوای پاشەكشەی ئیسرائیل لە گفتوگۆكان چی دەبێت
روونی كردەوە، بزووتنەوەی حەماس لە پڕ هەڵوێستی لەبارەی بارمتەكان توند كرد، ئەوان نایانەوێ بیانگەڕێننەوە، بۆیەش پێویستە ئیسرائیل بڕیاری خۆی بدات، سەبارەت بە دۆخی مرۆیی كەرتی غەزە و ئەو برسێتییەی باسی دەكرێت ترەمپ گوتی، پێم وا نییە لە غەزە برسیەتی هەبێت، رەنگە بابەتەكە پێوەندی بە خراپیی دابینكردنی خۆراكەوە هەبێت، چونكە حەماس یارمەتییەكان دەدزێت، لەبارەی گەیاندنی یارمەتی بۆ غەزە و بابەتی تریش قسەم لەگەڵ نەتنیاهۆ كردووە، یارمەتی زیاتر پێشكەش بە غەزە دەكەین، بەڵام پێویستە وڵاتانی تریش لەو هەوڵە بەشدار بن.
وەڵام بدەوه