بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەلئەخبار"، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمەریکا بۆ دروستکردنی پێوەندی لەنێوان ئیدارەی نوێی سووریا و ئیسرائیلدا، پاریسی پایتەختی فڕەنسا میوانداریی دووەم دیداری لەو شێوەیە لەسەر ئاستی وەزاری دەکات. ئەمەش دوای ئەو دیدارە دێت کە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان، لەنێوان شاندێکی سووری بە سەرۆکایەتیی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە، و شاندێکی ئیسرائیلی بە سەرۆکایەتیی ڕۆن دێرمەر وەزیری کاروباری ستراتیجی بە ئامادەبوونی تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا ئەنجامدرا.
ئەم دیدارە چەند ڕۆژێک دوای هەڵمەتە سەربازییە گەورەکەی ئیسرائیل دێت بۆ سەر سووریا، بە بیانووی پاراستنی درووزەکان، دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەت هێرشێکی گەورەیان کردە سەر سوەیدا و نزیکەی 1,200 کەسی تێدا کوژران. ئیدارەی نوێی سووریا هیوادارە لە ڕێگەی ئەم کۆبوونەوەیەوە بگاتە ڕێککەوتنێک کە ببێتە هۆی هێورکردنەوەی ناوچەکانی باشوور و کەمکردنەوەی گرژییەکان، کە ئاژانسی "ڕۆیتەرز" هۆکارەکەی بۆ "تێنەگەیشتنێکی خراپ"ی ئیدارەی سووریا گەڕاندەوە، کە پێی وابووە گڵۆپی سەوزی ئەمەریکی و ئیسرائیلیی وەرگرتووە بۆ هێرشکردنە سەر درووزەکان.
ئەم کۆبوونەوەیە دوای چەند دیدارێکی پێشووتر دێت کە لە ئازەربایجان ئەنجامدران، لە پەراوێزی سەردانێکی ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناغی گواستنەوەی سووریا بۆ ئەو وڵاتە. هەرچەندە ڕۆژنامەی "ئەلوەتەن"ی سووری بەشداریکردنی شەرعی لەو دیدارانەدا ڕەت کردەوە، بەڵام ددانی بەوەدا نا کە دیدار لەنێوان شاندی سووری و ئیسرائیلیدا کراوە و ئامانج لێی گەیشتن بووە بە ڕێککەوتنێکی تەناهی لەگەڵ ئیسرائیل.
هاوکات لەگەڵ دیداری باکۆ و پاریس، کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە عەمانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو، کە تێیدا ڕێککەوتنێک سەبارەت بە سوەیدا کرا. ڕێککەوتنەکە بریتی بوو لە کشانەوەی گرووپەکانی حکوومەتی سووریا و عەشایەرەکان لە پارێزگاکە، کردنەوەی دەروازەی مرۆیی و ئاڵوگۆڕی دیلەکان. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی حكوومەتی قۆناغی گواستنەوەی سووریا هەموو بوونێکی خۆی لە سوەیدا لەدەست بدات، کە ئێستا بە کردەیی لەژێر دەسەڵاتی گرووپە درووزییەکاندایە.
جیاواز لە دیدارەکانی پێشوو، دیداری پاریس ڕەهەندێکی ئەوروپیش دەخاتە سەر هەوڵەکانی ئەمەریکا، کە وادیارە هەوڵێکە بۆ سوودوەرگرتن لە خواستی فڕەنسا بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی لە سووریادا.
جێی باسە، ئەم کۆبوونەوەیە بەشێک بوو لە جووڵەیەکی فراوانتری فڕەنسی-ئەمەریکی کە بڕیاربوو کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندی حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" بگرێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە هەڵوەشێنرایەوە. وادیارە دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆی تورکیا لەپشت هەڵوەشاندنەوەکەوە بووە، بەهۆی خواستی ئەنقەرە بۆ لەناوبردنی ئیدارەی خۆسەری.
بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پێش کۆبوونەوەکە، زنجیرەیەک لێدوانی تووندی دا و سووربوونی خۆی لەسەر دروستکردنی ناوچەیەکی داماڵراو لە چەک لە باشووری سووریا ڕاگەیاند. ئەمەش مانای ئەوەیە ئیسرائیل پێداگری لەسەر مەرجەکانی پێشووی دەکات، کە ڕەنگە ببێتە هۆی دروستکردنی دۆخێکی هاوشێوەی فیدراڵی لە سوەیدا.
ئەوەی جێگای سەرنجە، پاڵپشتیی ناڕاستەوخۆی تورکیایە بۆ ئەنجامدانی ئەم دیدارانە، وەک هەوڵێک لەلایەن ئەنقەرەوە بۆ زانینی سنووری نفوزی خۆی لە سووریادا، لە سایەی ڕەتکردنەوەی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ هەر فراوانبوونێکی نوێی تورکیا.
ئەم کێشەیە لەوانەیە بە واژووکردنی ڕێککەوتنێکی تەناهی چارەسەر بکرێت، کە ڕەنگە دواتر بکرێتە هۆی کردنەوەی نووسینگەیەکی پێوەندی ئیسرائیلی لە دیمەشق. ئەمەش وەک هەنگاوی یەکەمە بەرەو بەشداریکردنی تەواوەتی لە پڕۆژەی ئەمەریکی بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل، کە بە "ڕێککەوتنەکانی ئابراهام" ناسراوە.
وەڵام بدەوه