سەرۆککۆماری تورکیا بڕیارێکی واژۆ کرد کە بەپێی ئەو بڕیارە، رێککەوتنی بۆریی گواستنەوەی نەوتی خاوی نێوان تورکیا و عێراق، کە لە ساڵی 1973وە کاری پێدەکرێت، لە ساڵی 2026 کۆتایی پێدێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 21ی تەممووزی 2025 بەگوێرەی ئەو بڕیارەی بە واژۆی ئەردۆغان لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاو کە لە ساڵی 1973 لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کراوە، لە رۆژی 27ی تەممووزی 2026ـەوە ناکارا دەکرێت و کۆتایی پێدێت.
لە بڕیارەکەدا کە بە ژمارە 10113 لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، لەو رێککەوتەوە رێککەوتنەکە و سەرجەم پرۆتۆکۆل و بەڵگەنامە هاوپێچەکانی دیکە کە پەیوەستن بەو بابەتەوە، هەڵدەوەشێنەوە.
ئەو رێککەوتنە بۆ یەکەمجار رۆژی 27ـی ئابی 1973 لەنێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرا. رۆژی 22ـی نیسانی 1975 بە بڕیاری ژمارە 7/9843 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. بە درێژایی ساڵان لە رێگەی چەندین پرۆتۆکۆلی جیاوازەوە نوێکراوەتەوە. دواجار لە ساڵی 2010 بۆ ماوەی 15 ساڵی دیکە درێژکرابووەوە، کە ماوەکەی لە ساڵی 2025 کۆتایی دەهات.
هێڵی بۆریی نەوتی خاوی عێراق-تورکیا، لە چوارچێوەی رێککەوتنی هێڵی بۆریی نەوتی خاو کە لە 27ی ئابی 1973 لەنێوان حکومەتی تورکیا و کۆماری عێراق واژۆ کرا، بەمەبەستی گەیاندنی ئەو نەوتە خاوەی لە کەرکووک و کێڵگەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی عێراق بەرهەم دەهێنرێت بۆ بەندەری جەیهان دروستکراوە. یەکەم هێڵ کە تیرەکەی 40 ئینج و درێژییەکەی 986 کیلۆمەترە، لە ساڵی 1976 کەوتەکار و یەکەم باری تانکەر لە 25ی ئایاری 1977 بارکرا.
هێڵی دووەمی بۆری کە هاوتەریبە لەگەڵ هێڵی یەکەم و کارەکانی دروستکردنی لە ساڵی 1985 دەستیپێکرد، لە ساڵی 1987 تەواو بوو. بەهۆی ئەم هێڵە بۆرییەوە کە تیرەکەی 46 ئینجە، توانای گواستنەوەی ساڵانە بۆ 70.9 ملیۆن تۆن بەرزبووەوە.
لە 19ی ئەیلوولی 2010، رێککەوتنێکی هەموارکردنەوە لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆ کرا بۆ نوێکردنەوەی رێککەوتنی هێڵی بۆریی نەوتی خاوی کەرکووک-یومورتاڵک و پرۆتۆکۆلە پەیوەندیدارەکانی و درێژکردنەوەی بۆ ماوەی 15 ساڵ.
خاوەنی بەشی تورکیای هێڵە بۆرییەکە و هەروەها ئەو لایەنەی کار بە بەشەکەی تورکیای هێڵە بۆرییەکە دەکات، کۆمپانیای گواستنەوەی نەوتە بە بۆری (BOTAŞ).
وەڵام بدەوه