دەستەی پەخشی ئیسرائیلی ئاشكرای كرد، ئیال زمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل فەرمانی كردووە، هێزەكانی وڵاتەكەی لە كەرتی غەززەوە بەرەو بەرزاییەكانی جۆلان لە سووریا بگوازرێنەوە.
هەر لەمبارەیەوە رادیۆی سوپای ئیسرائیل رای گەیاندووە كە ئەوەی لە سووریا دەگوزەرێت، شەڕێكی بچووككراوەیە و ”خۆمان بۆ ڕۆژانی شەڕ لە سووریا ئامادە دەكەین.“
هەروەك كەناڵی (سكای نیوز عەرەبی) بڵاوی كردەوە، بنیامین ناتەنیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كۆبوونەوەیەكی ئەمنی لەگەڵ وەزیری بەرگری و سوپاسالاری وڵاتەكەی دەكات لەبارەی دۆخی سووریا.
لە لایەن خۆیەوە ئەفیخای ئەدرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رای گەیاند، فەرمانەكەی سوپاسالاری ئیسرائیل خۆی لە زیادكردنی هێزی هێرشبەر و هێزە چەكدارەكان لە فەرماندەیی باكوور دەبینێتەوە، ”ئامانجەكەش زیادكردنی تیرەی هێرشەكان بۆ سەر سووریا و ڕاگرتنی هێرشەكانە بۆ سەر پێكهاتەی درووز لە سووریا.“
دووپاتیشی كردووەتەوە كە سوپای ئیسرائیل پابەندە بە هاوپەیمانییە قووڵەكەی لەگەڵ درووز و ئۆپەراسیۆنەكەشیان بۆ پاراستنی درووزە لە (سوەیدا و جەبەل دروز) و هەر شوێنێك پێویست بكات.
وەڵام بدەوه