لە ماوەی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵای لبنانی و دواییش ئێران، بەر لە شەڕەكەش، هەواڵگریی ئیسرائیل رۆڵێكی گەورەی لە وەشاندنی گەورەترین گورز لەو گرووپانەی بەرەی موقاوەمەت و خودی ئێران هەبوو، دەیان سەركردە و فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی كوشتن و وێرانكارییەكی گەورەی نایەوە، رۆژنامەیەكی ئێرانی باسی چۆنیەتی دزەكردنی ئیسرائیل بۆ ناو زانیاری و داتا هەستیارەكانی ئێران دەكات.
رۆژنامەی "كەیهان"ی ئێرانی لە راپۆرتێك ئاماژە بۆ دزەكردنێكی گەورەی ئیسرائیل بۆ بەرنامە بەكارهێنراوەكان لە لایەن حكوومەت لە ئێران دەكات، چۆن تۆماری شارستانی و زانیاریی پاسپۆرت و سیستمی فڕۆكەخانەكان و دامەزراوە سەربازییەكانی كردووەتە ئامانج، باسی ئەوە دەكات چۆن لە ماوەی دوو دەیەساڵی رابردوو هیندستانییەكان بەسەر پیشەسازی پرۆگرامسازی زاڵ بوون، ئەوەش وای كرد وڵاتانی كەنداو و ئێران پەنایان بۆ ببەن.
روونی كردەوە، زۆرێك لەو پڕۆگرامانەی لە هیندستان دروست دەكران، لە نووسینگە حكوومەتییەكان لە ئێران بەكاردەهێنران، هاوكات ئەوانە بۆ گواستنەوەی زانیارییە هەستیارەكان بۆ ئیسرائیل بەكارهێنراون، ئەو ئەنجامەش لە دوای لێكۆڵینەوەیەكی تەناهی لە دوای ئاشكرابوونی دزەكردنێكی پێشكەوتووی مۆساد بۆ سێرڤەرەكانی زانیاری لە ئێران ئاشكرا بوو.
راپۆرتەكە باسی ئەوەشی كرد كە لێكۆڵینەوەكان بە یارمەتی راوێژكارانی چینی و رووسی ئەنجامی نیگەرانكاریان لەبارەی بڵاوبوونەوەیەكی زۆری پڕۆگرامە بیانییەكان ئاشكرا كرد كە سەرچاوەكانیان هیندستانە، پێوەندیی لە نێوان پرۆگرامسازانی هیندستانی و لایەنە گومانلێكراوەكانیش لە رێگەی تۆڕی ئینتەرنێتی ستارلینكی ئیلۆن ماسك كراوە، بۆیە زۆرێك لەو بەرنامانەی لە ئێران بەكاردەهێنرێت لە راستیدا ئیسرائیلین و لەكاتی بەكارهێنانیان زانیارییەكان راستەوخۆ بۆ ئیسرائیل رەوانە دەكەن، لەوانە زانیاریی هەستیار وەك تۆماری شارستانی و زانیاریی پاسپۆرت و سیستمی فڕۆكەخانەكان و هیتریش، لەوەش زیاتر ئەو بەرنامانە توانای پەكخستنی ئامرازە سەربازییەكانیان و لە دوورەوە كۆنترۆڵكردنیان هەیە.
وەڵام بدەوه