سوپای ئیسرائیل بۆردومانكردنی دوو فڕۆكەی سەربازیی ئێران و هێرشكردنە سەر دەیان ئامانجی سەربازی لەو وڵاتە رادەگەیەنێت.
كەمێك لەمەوبەر، سوپای ئیسرائیل بە فەرمی رای گەیاند، دوێنێ شەممە ٢١ی ٦ی ٢٠٢٥، هێرشیان كردۆتە سەر دەیان ئامانجی سەربازی لە ناوەڕاستی ئێران، هەروەك هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دوو فڕۆكەی جۆری F5ی هێزی سەربازیی ئێرانیان لە فڕۆكەخانەی (دزفول) لە ئێران بۆردومان كردووە.
هەروەك باسیش لەوە كراوە كە لە چەند كاتژمێری رابردوودا هەشت سەكۆی مووشەكیی ئێران بۆردومان كراون كە شەش لەو سەكۆیانە ئامادەبوون بۆ هەڵدانی مووشەك بەرەو ئێران.
ئەوەش خراوەتە ڕوو كە شەوی رابردوو دەوروبەری 20 فڕۆكەی جەنگیی ئیسرائیلی لە ئاسمانی ئێران بوون و بەپێی زانیاریی هەواڵگریی ورد كە لە دەستەی هەواڵگریی سەربازییەوە پێیان دراوە، پێگە جۆراوجۆرەكانیان بۆردومان كردووە كە هەندێك لەو پێگانە، تایبەت بوون بە كۆگاكانی بەرهەمهێنانی كەرەستەی تەقەمەنی و كۆگاكانی هەڵگرتنی مووشەك و تەقەمەنی و سیستەمەكانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران.
سوپای ئیسرائیل ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە هەر لە چەند كاتژمێری رابردوودا، هێرشیان كردۆتە سەر ژێرخانی سەربازیی فڕۆكەخانەی ئەسفەهان، بۆ ئەوەی ڕێگە لەوە بگرن كە هێزی ئاسمانیی ئێران ئەو ژێرخانە بەكار بهێنێت.
وەڵام بدەوه