سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی رێگە بە سایکس - پێکۆیەکی دیکە نادات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ شەممە 21ی حوزەیرانی 2025 لە 51ـەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکێش کرد
ئەردۆغان لەبارەی جەنگی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا قسەی کرد و گوتی، "وەکو تورکیا رێگە بە سایکس - پیکۆیەکی دیکە نادەین، کە سنوورەکانی بە خوێن بکێشرێن."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، "حکومەتەکەی نەتەنیاهوو بەو هێرشانەی 13ی حوزەیران کردی، دانوستاندنەکانی کردە ئامانج. ئەوەی روودەدات نیشانی دەدات نەتەنیاهوو و تۆڕە تاوانکارییەکەی، نایانەوێت هیچ پرسێک لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت."
ئەردۆغان ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی، دەیەوێت جەنگەکە بە تەواوی ناوچەکەدا بڵاوبکاتەوە و نیازی وایە لە رێگەی نەخشەی جیاوازەوە ناوچەکە بەشبەش بکات.
ئەردۆغان گوتی، باش دەزانن نەتەنیاهوو دەیەوێت چی بکات، "ئەوانەی دەیانەوێت بە بردنی ناوچەکە بۆ نێو ئاگر، پێکدادان، پشێوی، ئاسایشی خۆیان دەستەبەر بکەن، بەدوای خەیاڵێکی خاودا دەڕۆن. ئیسرائیل ناتوانێت بە هەڕەشەکردن لە ئاسایشی دراوسێکانی ئاسایش دەستەبەر بکات."
لەو کاتەوەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان چەند جارێک رەخنەی لە ئیسرائیل گرتووە.
وەڵام بدەوه