پوتین: ڕووسیا دوو كوورەی ئەتۆمی بۆ ئێران لە بووشەهر دروست دەكات
سەرۆكی ڕووسیا ئاشكرای كرد كە وڵاتەكەی گرێبەستی لەگەڵ ئێران واژۆ كردووە بۆ دروستكردنی دوو كوورەی ئەتۆمیی دیكە لە شاری بووشەهر، سەرەڕای ئەو كوورانەی ئیستا كار دەكەن.
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی ڕووسیا لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتی كە لە شاری سان پترسبۆرگی ڕووسیا بەڕێوە دەچێت، ئاشكرای كرد كە وێڕای ئەو دۆخە مەترسیدارەی هەیە، كاركردن لە بووشەهر بەردەوامە و ڕووسیا گرێبەستی لەگەڵ ئێران كردووە تاوەكوو دوو كوورەی ئەتۆمیی دیكە لەو شارە دروست بكات.
هەروەك باسی لەوە كردووە كە كارمەندەكانیان لەوێ ناكشێننەوە كە ژمارەیان دەگاتە دەوروبەری 600 كەس.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بنیامی ناتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رەزامەندیی لەسەر گەرەنتیكردنی سەلامەتیی ئەو كەسانە داوە كە لە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی شاری بووشەهر كار دەكەن.
پشتیوانیی خۆیشی بۆ ئێران لە مافی "بەكارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ناوەكی" دووپات كردەوە و گوتی: هەڵوێستی ڕووسیا لەمبارەیەوە نەگۆڕاوە.
ئاماژەشی بەوە كرد كە هەندێك پێشنیازی بۆ چارەسەركردنی ململانێكە خستۆتە ڕوو، ئەویش لە میانی گفتوگۆكانی ئەم دواییانەی لەگەڵ ئێران و ئیسرائیل.
وەڵام بدەوه