بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە شەوی رابردوودا لانیکەم 10 کەس کوژراون و نزیکەى 250 کەسى دیکەش برینداربوون.
میدیا ئیسرائیلییەکان ژمارەی کوژراوان و بریندارەکانی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوووی ئێرانیان ئاشکراکردووە، ئاماژەیان بەوەکردووە، هێرشەکان بوونەتە هۆی کوژرانى 10 کەس و برینداربوونی نزیکەى 250 کەس.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئەنجامی هێرشەکان و رووخانی چەند باڵەخانەیەک 35 کەس لە شارۆچکەی باتیام لە باشووری تەلئەبیب بێسەروشوێن بوون.
پۆلیسی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە ئێکس پشتڕاستی کردەوە، کە هێرشێک لە ناوچەی تەلئەبیب بووەتە هۆی کوژرانی چەند کەسێک و برینداربوونی دەیانی دیکە.
بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل شەوی رابردوو ئێران زیاتر لە 50 موشەکی ئاڕاستەی شارە جیاوازەکانی ئیسرائیل کردووە و ژمارەیەکیان بەرپەرچدراونەتەوە و ژمارەیەکیشان لەناو شارەکان تەقیونەتەوە
لەلایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی ئێران ئاماژەی بەوەداوە، کە هێرشەکە بۆ سەر ئیسرائیل بە دەیان موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامدراوە.
ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئەو موشەکانەی لە هێرشەکانی سەر تەلئەڤیڤ، بەکارهێنراون، موشەکی نوێ بالیستیکی سووتەمەنی رەق و هایپەرسۆنیک بوون.
وەڵام بدەوه