وەزیری دەرەوەی چین بە جیا قسەی لەگەڵ هاوتا ئێرانی و ئیسرائیلییەکەی کرد. وەزیری دەرەوەی چین پاڵپشتیی خۆی بە هاوتا ئێرانییەکەی و دژایەتی هێرشی سەربازیشی بۆ سەر ئێران بە هاوتا ئیسرائیلییەکەی گەیاند.
رۆژی شەممە، 14ی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی چین بڵاویکردەوە، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین بەجیا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و گیدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەی کرد.
وەزیری دەرەوەی چین بە هاوتا ئێرانیەکەی گوت، "پاڵپشتی تاران لە بەرگریکردن لە مافە شەرعییەکانی و بەرژەوەندییەکانی دەکات". هەروەها بە هاوتا ئیسرائیلیەکەشی راگەیاند، "دژایەتی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکەین".
یی بە عێراقچی راگەیاند، سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیل دەکەن و ئەوەی روویداوە پێشێلکارییە بەرامبەر یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران داوای هەڵوێستی یەکگرتوی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل کرد.
دوێنێ، ئیسرائیل بە 200 فرۆکە و ژمارەیەک درۆن دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کرد، دواتر ئێران دەستی بە وەڵامدانەوە کرد و ئیسرائیلی مووشەکباران کرد. ئەمڕۆش هەردوولا هەڕەشەی هێرش و وەڵامدانەوەی تووندیان لەیەکدی کرد.
وەڵام بدەوه