لەگەڵ جموجۆڵی سەربازی و ڕێکاری پارێزگاریی چڕوپڕ لەلایەن هێزە ئەمریکییەکانەوە، سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان رای دەگەیەنن، بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ شەممە (14ی حوزەیرانی 2025) چووەتە حاڵەتی ئامادەباشیی ئەمنیی بێوێنەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە (بەغداد ئەلیەوم)ی ڕاگەیاند، هێزە ئەمریکییەکان دەروازەی سەرەکیی بنکەکەیان داخستووە، بەتایبەتی ئەو بەشەی کە دەڕواتە دامەزراوە سەربازییەکان لەلای ڕۆژئاواوە، هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەچڕی لە ئاسمانی بنکەکە و دەوروبەریدا دەسووڕێنەوە، لە هەنگاوێکدا کە بە جووڵەیەکی پێشوەختە وەسف کراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک كە ئەگەری ئەوە هەبێت رووبدات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش كردووە "ئەم ڕێکارانە لەدوای دوایین هەڵکشانی گرژییەکان لەناوچەکەدا دێن، بەتایبەتی دوای ئەو هێرشە ئاسمانییەی کە ئیسرائیل ئەنجامی دا و پایتەختی ئێران تارانی کردە ئامانج.”
سەرچاوەكە گوتیشی: "هێزە ئەمریکییەکان لە چوارچێوەی پلانێکی پاراستنی توندوتۆڵدا، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە گەشتی پشکنینی چڕیان لە دەوروبەری بنکەکەدا ئەنجام داوە، بەتایبەتی لە لایەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە، ئەم کردەوانە بۆ چەندین کاتژمێر بەردەوام بوون."
بنکەی ئاسمانیی عەین ئەلئەسەد یەکێکە لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانی عێراق و دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار، نزیک شاری هیت.
ئەم بنکەیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا پەناگەی هێزە ئەمریکییەکان بووە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش.
وەڵام بدەوه