هۆیەكانی راگەیاندن لە یەمەن ئەمڕۆ بڵاویان كردەوە، درەنگانی شەوی رابردوو شاری حەدیدە كەوتە بەر هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل و زیانی زۆری بەدواوە بووە.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 10ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، تەلەڤزیۆنی مەسیرەی سەربە حووسییەكانی یەمەن رای گەیاند، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، زۆر بە توندی هێرشیان كردووەتە سەر شاری حەدیدە و زیانی زۆریان پێ گەیاندووە، بێ ئەوەی ئاماژە بە جۆری زیانەكان بكات.
ئەو لە كاتێكدایە كە شەوی رابردوو گوتەبێژ بەناوی سوپای ئیسرائیل لە رێگەی "ئێكس"ەوە بڵاوی كردەوە، بەندەری رەئس عیسا و حەدیدە و صەلیف كە حووسییەكان كۆنترۆڵیان كردوون، بەتەواوی چۆڵ كراون.
سوپلی ئیسرائیل ئەوەشی گوت كە ژێرخانی بەندەری حەدیدەیان وێران كردووە كە لەو بەندەرەوە لە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی ئێران دەپارێزرێت، هەروەها كەلوپەلی سەربازی و چەك و تەقەمەنیی ئێرانی لەو بەندەرەوە دەگوازرێتەوە، بۆیە لە هێرشەكەدا بەتەواوی ژێرخانی شارەكە وێران كرا.
وێڕای ئەوەی ماوەیەكە ئیسرائیل زۆر بە توندی هێرش دەكاتە سەر حووسییەكان، بەڵام حووسییەكانیش لە بەرانبەردا بەردەوامن لە ئاراستەكردنی مووشەك بۆ سەر ئیسرائیل و دەڵێن لە هێرشەكانیان بەردەوام دەبن تا ئیسرائیل لە غەزە دەكشێتەوە.
لە مانگی نۆڤێمبەری 2024وە حووسییەكانی یەمەن كە سەربە ئێرانن، بە بیانووی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی حەماس فەلەستینی كە لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگدایە، هەروەها فراوانبوونی شەڕەكە بۆ سەر لبنان و باشوورەكەی كە حزبوڵای لبنان كۆنترۆڵی كردبوو كە دواتر ئیسرائیل لاوازی كردن، بە درۆن و مووشەك هێرش دەكەنە سەر كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور، هاوكات هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل چڕتر كردووەتەوە، دواتریش ئیسرائیل و ئەمەریكا و بەریتانیا لە چەندان هێرشیان بۆ سەر حووسییەكان، زیانی زۆریان پێ گەیاندوون.
لە 15ی مانگی ئاداری رابردووەوە كە ئەمەریكا هێرشەكانی بەسەر حووسییەكان دەست پێ كرد، تا حەوتی ئایار زیاتر لە هەزار هێرشی كردە سەر پێگە سەربازی و ئابوورییەكانی یەمەن و حووسییەكان، دواتریش حووسییەكان خۆیان رادەست كرد و داوایان لە ئەمەریكا كرد هێرشەكانی بوەستێنێت، چەونكە ئیتر ئەوان شەڕیان ناوێت، بۆیە ئەمەریكا دەستبەجێ هێرشەكانی وەستاند. بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشكردنە سەر حووسییەكان و تا ئێستە زیانی زۆری پێ گەیاندوون.
وەڵام بدەوه