تاران، ڕۆژی یەکشەممە 8ی 6ی 2025، هۆشداریی دا کە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کەم دەکاتەوە، ئەگەر دەستەی بەڕێوەبەری چاودێریی ئەتۆمیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بەڕێوە بچێت، بڕیارنامەیەک بۆ ئیدانەکردنی تاران دەربکات.
تاران هۆشداریی دایە ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە ئەنجامدانی "هەڵەیەکی ستراتیژی" وەكوو خۆی دەڵێ، دوای ئەوەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە ئەو وڵاتانە و ئەمریکا بە نیازن لە کۆبوونەوەکەدا ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران پێشنیار بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تاران و واشنتۆن گفتوگۆ دەکەن بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند کە سێ وڵاتی ئەووروپی و لایەنەکانی ڕێککەوتنی ساڵی 2015 سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و ئەمریکا بەنیازن بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران پێشنیار بکەن، هەڕەشەی ڕەوانەکردنی دۆسیەکەی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، ئەمەش بەهۆی "نەبوونی هاوکاریی تەواو"ی تاران لە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا هاوکارییەکانی ئێرانی بە كەم وەسف كردبوو و هاوکات ئاماژەی بەوە داوە تاران بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خێراتر کردووە.
وەڵام بدەوه