سوپای ئێران و سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە دوو راگەیەنراوی جیاوازدا هۆشداریی لەبارەی هێرشکردنە سەر وڵاتەکەیان دەدەن، ئەو دوو راگەیەنراوە لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوو ئاژانسە جیهانییەکان چەند راپۆرتێکیان لەبارەی خۆ ئامادەکردنی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بڵاوکردەوە.
رۆژی شەممە 24ـی ئایاری 2025، سوپای ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە؛ "تا دوا دڵۆپی خوێنمان لەپاڵ سەرجەم هێزە چەکدارەکان ئامادەین بۆ بەرگریکردن لە یەکپارچەی خاک و سەربەخۆیی و ئاسایشی ئێران".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی سوپای ئێراندا هاتووە؛ "دوژمنانمان بە پیلانگێڕی جۆراوجۆر هەوڵی لاوازکردنی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەدەن".
هاوکات سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە راگەیەنراوێکی جیاوازدا نووسیویەتی؛ "سوپای پاسداران دەستی لەسەر پەلەپیتکەیە و بۆ هەر هەوڵێکی دوژمنکارانە وەڵامی رژد و پەشیمانکەرەوەمان دەبێت".
سوپای پاسداران دەشڵێت؛ "هەر جۆرە هێرش و پێشێلکارییەکی ئەمەریکا وادەکات گۆڕانکاری بەسەر هاوکێشە ستراتیجییەکان لە رۆژئاوای ئاسیادا بێت".
دوێنێ ئەمەریکا و ئێران گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانیان ئەنجامدا و دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە بێ ئەنجامی گفتوگۆکانیان کرد.
سەرەتای هەفتەی رابردوو کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بە ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل دا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و لە زاری بەرپرسێکی ئەمنی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە؛ "ئیسرائیل هێزی ئاسمانی ئامادە دەکات بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران".
وەڵام بدەوه