عه‌باس عێراقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رای گه‌یاند، كۆماری ئیسلامیی ئێران وه‌ك وڵاتێك كه په‌یماننامه‌ی ئێن پی تی واژوو كردووه، به ته‌واوی ئه‌و مافه‌ی هه‌یه سوود له سووته‌مه‌نیی ئه‌تۆمی وه‌ربگرێت. ئه‌و هه‌بوونی ئه‌و مافه بۆ ئێران به كلیلی ده‌رگای دانوستانه‌كان هه‌ژمار كردووه.
ماركۆ رۆبیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌مدواییانه‌دا گوتبووی، پێویسته ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم و به‌رهه‌مهێنانی مووشه‌كی دوورهاوێژ یان بالیستیكی به ته‌واوی رابگرێت.
ئه‌م مافه پێشتر لای ئێران به هێڵی سوور دانراوه، بۆیه له وه‌ڵامدا عه‌باس عێراقچی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێكس نووسی، ''من به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی حه‌ز ناكه‌م هیچ جۆره روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بۆ میدیاكان بخه‌مه‌ڕوو، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بڵێم درۆكردن هه‌رگیز ناتوانێ واقیعه بنه‌ڕه‌تییه‌كان بگۆڕێت.''
ئه‌و ره‌خنه‌ی توندی له هه‌ڵوێست و لێدوانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا گرتووه و ئاماژه‌ی داوه، هه‌ڵوێستی توند و لێدوانی ورووژێنه‌رانه هیچ ده‌ره‌نجامێكی نابێت، جگه له‌وه‌ی كه ده‌رفه‌تی سه‌ركه‌وتن له‌بار ده‌بات.
پێویسته بگوترێ ئه‌مڕۆ شه‌موو ده‌بوو گه‌ڕی چواره‌می دانوستانه‌كان له نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكادا بكرێت، به‌ڵام به بڕیاری تره‌مپ دوا خراوه بۆ كاتێكی تر. له چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌رپرسانی باڵای ئێران و ئه‌مه‌ریكا به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر هه‌ڕه‌شه‌یان له یه‌كتر كردووه.
دۆناڵد تره‌مپ گوتبووی، ''هیچ وڵاتێك بۆی نییه نه‌وت له ئێران بكڕێت.'' هاوكات پیت هێگێست وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكاش هه‌ڕه‌شه‌ی له ئێران كرد واز له پشتیوانیی له حووسییه‌كان بهێنێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ناوی هیچ وڵاتێك بكات گوتی، ژماره‌یه‌ك وڵاتی ئه‌ندامی ئێن پی تی، یۆرانیۆم ده‌پیتێنن و له هه‌مان كاتدا چه‌كی ئه‌تۆمیشیان به ته‌واوی ره‌ت كردووه‌ته‌وه.
ئێن پی تی بریتییه له په‌یمانێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ رێگریكردن له په‌ره‌سه‌ندنی چه‌كی ئه‌تۆمی و كه‌مكردنه‌وه‌ی چه‌ك. په‌یمانه‌كه له ساڵی 1968 واژوو كراوه و به‌گوێره‌ی په‌یمانه‌كه، وڵاتان به‌سه‌ر دوو به‌شی وڵاتانی ئه‌تۆمی و وڵاتانی نائه‌تۆمی دابه‌ش بوون .
ئێران كاتێك ئه‌و په‌یمانه‌ی واژوو كردووه، كه یه‌كێك له مه‌رجه‌كان بۆ وڵاتان كه تا ئه‌و كات چه‌كی ئه‌تۆمییان نه‌بووه، ئه‌وه بووه به هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت به‌دوای ئه‌م چه‌كه‌دا بن، ئه‌وانه‌یش كه چه‌كه‌كه‌یان هه‌یه پێویسته كه‌می بكه‌نه‌وه و بۆ مه‌به‌ستی ئاشتی به‌كاری بهێنن.
ساڵی 2003 كۆریای باكور له په‌یمانه‌كه‌دا هاته ده‌ره‌وه و دوای سێ ساڵ، یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی خۆی له بواری ئه‌تۆمیدا ئه‌نجام دا و خۆی به وڵاتێكی ئه‌تۆمی ناساند، هه‌ریه‌ك له هیند و پاكستان و ئیسرائیل له‌م په‌یمانه‌دا ئه‌ندام نین.
رووسیا هێنده‌ی ته‌واوی وڵاتانی ئه‌ندامی ناتۆ كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی هه‌یه، دوای رووسیا هه‌ریه‌ك له ئه‌مه‌ریكا فڕه‌نسا و به‌ریتانیا له ئه‌ندامانی تۆ زۆرترین كڵاوهیان هه‌یه، پاشان چین و پاكستان و هیند و ئیسرائیل دێن و كۆریای باكوریش له ریزبه‌ندی كۆتایی دێن.
وەڵام بدەوه