تەقینەوەكەی بەندەر عەباس... سوودی بۆ ئیسرائیل هەیە؟
دوای ئەوەی ئهمڕۆ (شەممە 26ى 4ى 2025) تەقینەوەیەکی گەورە لە شاری بەندەر عەباس لە باشووری ئێران ڕووی دا، پرسیار سەبارەت بە ڕادەی تێوەگلانی ئیسرائیل لە تەقینەوەکەدا هاتە ئاراوە، و ئایا لە ژێر ڕۆشنایی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران بەرژەوەندیی تێدا هەیە یان نا؟.
لەو تەقینەوە گهورهیهدا، وهك تهلهفزیۆنى فهرمیی ئێران ئاشكراى كردووه، تائێستا زیاترلە 100 کەس بریندار بوون و گهیندراونهته نهخۆشخانهكان، ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"یش پشتڕاستی کردەوە کە سەرجەم چالاکییەکانی بهندهرهكه ڕاگیراون تا ئەو کاتەی هێزە ئەمنییەکان و فریاگوزاری، دۆخەکە کۆنتڕۆڵ دهکەن.
بەندەری (شههید ڕەجایی) یەکێکە لە بەندەرە گرینگهكانى ئێران کە بە شێوەیەکی سەرەکی کارلێک لەگەڵ جووڵەی کۆنتێنەرەکان دەکات و تانکیی گهورهی نەوت و دامەزراوە پترۆکیمیاییەکان لەخۆدەگرێت.
نیزاڵ كهناعنه، سەرنووسەری کاروباری ئیسرائیل لە "سکای نیوز عەرەبی"، پێیوایه،، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وریا دهبێت لهوهى لهو تهقینهوهیهدا تێوهنهگلێت. ئاماژەی بەوەش کرد، "ناتانیاهۆ نایەوێت ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕووبدات بۆ ئەوەی توڕە نەبێت".
نیزاڵ كهناعنه بهدوورى دهزانێت "ئیسرائیل کارێکی وا گەورە بکات، تەنانەت ئەگەر ئیسرائیلیش لە ڕاستیدا لە پشت ئەم تەقینەوەیەوە بێت، ئەوە لە سهر دهستى كهسێكی ترهوه ئەنجام دەدرێت كه ئیسرائیلی نهبێت، ڕەنگە بە هاندان و پاڵپشتی ئیسرائیل بووبێت، بەڵام بە هاوکاری هێزە ناوخۆییەکانی ئێران، بۆ ئەوەی گومانهكانی لێ دوور بخرێتەوە، و پەیامێک بۆ ئێران بنێرێت کە ئابووری ئێران بە ئاسانی ئیسرائیل دهتوانێت گورزى لێبوهشێنێت".
ئەو پێی وابوو "گرەوکردن لەسەر ئەم کارە لۆژیکی نییە، نەتانیاهۆش دۆڕاو دهێت، چونکە تەقینەوەیەکی لەو شێوەیە لەلایەن ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، تارانیش وەڵامی ئەم هێرشە ناداتەوە و مەترسی تێکدانی دانوستانەکان لەگەڵ ترەمپ دروست ناکات، هەروەها نایەوێت بكهوێته ناو داوى نەتانیاهۆوه".
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر تەقینەوەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە پلانی بۆ دانرابێت، ئەوا نابێته هۆی پەکخستنی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران، هەروەها توڕەیی ئەمریکای لێدهکەوتەوە، ئهمه جگه لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كه ئاسوودهیه به دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران و ئەگەری گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانە، ئەمەش وا دەکات نەتانیاهۆ كارێكی وانهكات كه هەموو لایەک توڕە بکات و دواجار نهشبێته هۆی ڕاگرتنى دانوستانەکان."
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ساڵی 2020ـدا بە ئامانجگرتنی بەندەرەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە هێرشێکی ئەلیکترۆنی بووە هۆی داخستنی ئۆپەراسیۆنەکانى بۆ چەند ڕۆژێک، بۆیە ئیسرائیل چاوی لەسەر بەندەری (بەندەر عەباس)ە و بەردەوام دەیەوێت پەیامێک بنێرێت کە توانای داخستنی هەیە، و له ڕێگهیهوه توانای پهكخستنى ئابووری ئێرانی هەیە".
سەرنووسەری کاروباری ئیسرائیل لە "سکای نیوز عەرەبی"، دووپاتی کردەوە کە نەتانیاهۆ پێی وایە هەر ڕێككهوتنێكی ئەتۆمی بەو مانایەیە کە ئابووری ئێران دهبووژێتهوه، هەربۆیە "لۆژیکییە ئیسرائیل هێرش بكاته سهر بهندهرهكه، بەڵام نەک لەم کاتەدا و نەک لەگەڵ سەرۆک ترامپ و لە هەمان کاتدا لەگەڵ دانوستانەکاندا، کە دهكرێت ئهو كاره ئەنجامی نەرێنی بۆ ئیسرائیل هەبێت".
ئهمڕۆ تەلەفزیۆنی ئێران لە ههواڵێكیدا بڵاوی كردهوه "کۆگایەکی سووتەمەنی لە بەندەری ڕەجایی لە بەندەر عەباس تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا 115 كهس به برینداری گهیندرانه نهخۆشخانهكان و زیانی ماددی بە ژمارەیەک باڵەخانە و دوکان کەوتووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هێشتا هۆکاری تەقینەوەکە نەزانراوە". پێشتریش ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ى ئێرانى، بڵاوی کردەوە، تەقینەوەکە گهوره بووە و باڵەخانەیەکی ئیداری بەتەواوی داڕماندووه. هەروەها بەهۆی كاریگهریی بههێزی تەقینەوەکەشەوە چەندین ئۆتۆمبێل له ناوچەکە زیانیان بەرکەوتووە.
سەرچاوە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەیەک لە کارمەندانی بەندەری شەهید ڕەجایی (لە بەندەر عەباس) بوونهته قوربانی.
وەڵام بدەوه