وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە وەزیری نەوتی ئێران و ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگری خستووەتە لیستی سزاکانیەوە. کەشتییەکان بە ئاڵای هۆنگ کۆنگ بۆ ئێران کاریان کردووە و نەوتی ئەو وڵاتەیان گواستووەتەوە.
هەر دوای راگەیاندنی ئەو سزایە لە لایەن ئەمەریکاوە، ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵوێستی وەرگرت و سزاکانی ئەمەریکای ناڕەوا و پێچەوانەی یاسا و رێسا و مافە نێودەوڵەتییەکان ناوبرد و بە توندی سەرکۆنەی کرد.
ئەو گوتی ئەو سزا نوێیانەی ئەمەریکا بەسەر ئێرانیدا سەپاندوون دەیسەلمێنێت داواکارییەکانی ترەمپ بۆ دانوستان و گفتوگۆ راست نین و ئەمەریکا تەنیا دەخوازێت دوژمنایەتی ئێران بکات و لەمپەر بخاتە بەردەم خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان.
پێویستە بگوترێ بەگوێرەی بەیاننامەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی حکوومەتەکەی پزیشکیان سزا دراوە و هۆکاری ئەو سزایەش بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە کە وەزیری نەوت جگە لەوەی کە رێوشوێنی چاودێریی هەناردەی نەوتی بە سوپا سپاردووە لە هەمان کاتدا ملیاران دۆلاری خستووەتە خزمەتی سوپاوە.
پێویستە بگوترێ ترەمپ پلانی زۆرترین گوشار دژی ئێرانی دەست پێ کردووە و لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک داوای لە بەرپرسانی ئێران کردووە بێنە سەر مێزی دانوستان و تەنانەت نامەیەکی بۆ خامنەیی ناردووە بەڵام ئێران رەتی کردووەتەوە لەگەڵ ترەمپ دانوستان بکات.
کێشەی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران جگە لە پلانی ئەتومی، پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیکی و پاڵپشتییەکانی کۆماری ئیسلامییە لە گرووپە توندڕەو و تیرۆرستییەکان لە تەواوی ناوچەکە و دنیا
وەڵام بدەوه