ڕابهرى شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ (هەینی 7ى شوباتى 2025) دووپاتی کردەوە کە ئەگەر ئەمریکا هەڕەشە لە ئاسایشی ئێران بکات، ئێرانیش هەڕەشە لە ئاسایشی ئهمریكا دەکات، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە هیچ کێشەیەک بە ڕێگەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر نابێت، چونكه پێشتر تاران سازشى زۆرى بۆ واشنتۆن كرد و سوودی نهبووه (وهك خۆى گوتى).
ئاژانسی هەواڵی (میهر)ى ئێرانى بڵاویكردهوه، عەلی خامنەیی لە میانی پێشوازی لە کۆمەڵێک فەرماندە و کادری هێزی ئاسمانی و بەرگریی ئاسمانی ئێران لە تاران، گوتی"دانوستان لەگەڵ ئەمریکا كارێكی عهقڵانی و شەرەفمەندانە و زیرەکی نییه و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات نییە و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئێمە لە ڕابردوودا سازشمان کرد، بهڵام بێسوود بوو“
ئهوهشى خستهڕوو كه، "لە ساڵانی ڕابردوودا نزیکەی دوو ساڵ لەگەڵ ئەمریکا و چەند وڵاتێکدا دانوستانمان کرد، و گهیشتین به پهیماننامهیهك، بەڵام ئەمریکییەکان بەپێی پەیماننامەکە مامەڵەیان نەکرد و ئەو کەسەی کە لە دەسەڵاتدا بوو، پابەند نەبوو پێیەوە و دڕاندی”.
ڕوونیشی کردەوە، "دانوستاندن لەگەڵ ئەمەریکا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات نییە و دەبێت بە دروستی لەم بابەتە تێبگەین؛ نابێت ڕێگەیان پێبدەین وامان بۆ دەربخەن کە ئەگەر لەگەڵ ئەو حکوومەتەدا لەسەر مێزی دانوستان دابنیشین، ئەم کێشەیە یان ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت. بەڵکو هیچ کێشەیەک بە دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا چارەسەر نابێت".
وەڵام بدەوه