كارمەندێكی باڵوێزخانەی ئێران لە سووریا كوژرا. ئێرانیش سووریا و بەرپرسانی نوێی ئیدارەی ئەو وڵاتە بەهۆكار دەزانێت.
ئەمڕۆ شەممە 21ـی كانوونی یەكەم، ئیسماعیل بەقائ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە میدیاكانی راگەیاند، یەكشەمی ڕابردوو هێرش كرایە سەر كارمەندێكی باڵوێزخانەكەمان بە ناوی "داود بیتەرەف" لە دیمەشق و كوژراوە.
زیاتر گوتی، رووداوەكە ئەو كاتە رووی دا كاتێك كارمەندەكەمان بە ئۆتۆمبێل بەرەو باڵوێزخانەكەمان لە دیمەشق هاتووە، ژمارەیەك چەكدار لەناو ئۆتۆمبێلێكدا دەستڕێژی فیشەكیان لێ كردووە و كوشتوویانە.
ئەو بەرپرسەی ئێران لەبارەی رووداوەكە دەڵێت، لە ڕێگەی پێوەندییە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەكانمانەوە، بەوپەڕی گرنگییەوە چاودێریی دۆسیەی كوژرانی كارمەندەكەمان دەكەین.
روونیشی كردووەتەوە، بەرپرسانی ئیدارەی سووریا گرتنی بكوژەكە و دادگاییكردنیان لە ئەستۆیە، بۆیە ئەو رووداوە لە ئەستۆی بەرپرسانی نوێی سووریا دەبێت.
ئەوە لە كاتێكدایە لەم مانگەدا بەهۆی هێرشەكانی چەكدارانی ناڕازی لە سووریا، كۆتایی بە دەسەڵاتدارێتیی رژێمی بەعس لەو وڵاتە هێنرا و تەواوی ناوەند و باڵوێزخانەی وڵاتان داخران و چۆڵ كران.
وەڵام بدەوه