بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە وردی بە دوای شوێنی مانەوەی بەشار ئەسەد دەگەڕێن.
ماوەی یازدە ڕۆژە چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن هێرشی چڕیان کردووەتە سەر بەشێک لە شارەکانی سووریا و کۆنترۆڵی کردوون، بەرەبەیانی ئەمڕۆش لەگەڵ کەوتنی پایتەختی سووریا تاوەکو ئێستا شوێنی بەشار ئەسەد نادیارە.
سەرچاوەیەک لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە: گەڕان بە دوای بەشار ئەسەد بەردەوامە، هاوکات لێپرسینەوە لە ئەفسەرانی سەربازی و هەواڵگری سووریا دەکرێت کە ڕەنگە زانیارییان لەسەر جموجۆڵەکانی بەشار ئەسەد هەبێت.
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیاند: نازانرێت بەشار ئەسەد لە ئێران یان لە وڵاتە عەرەبییەکانە، هاوکات ڕووسیا و ئێران ڕێککەوتبوون لەسەر نەمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
بەشار ئەسەد چارەنووسی نادیارە و بەگوێرەی بڵاوکراوەکانیش، دوێنێ شەممە 7-12-2024 خێزان و منداڵەکانی ڕۆیشتوونەتە ڕووسیا. بنەماڵەی ئەسەد ماوەی زیاتر لە 50 ساڵە حوکمی سووریایان کردووە، بە نەمانی دەسەڵاتەکەشیان وڵاتەکە پی دەنێتە قۆناغێکی دیکەوە.
وەڵام بدەوه