وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، دیاریکردنی چارەنووس و بڕیاردان لەسەر ئایندەی سووریا "بەرپرسیارێتیی خەڵکی ئەم وڵاتەیە، بەبێ دەستێوەردانی وێرانکەر و سەپاندنی دەرەکی."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، دیاریکردنی چارەنووسی گەلی سووریا "پێویستی بە کۆتاییهێنان بە ململانێ سەربازییەکان دەستبەجێ پێشگرتنە لە کردەوە تیرۆریستییەکان و دەستپێکردنی دیالۆگی نیشتمانی بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا، لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان کە نوێنەرایەتیی هەموو گەلی سووریا بکات."
وەزارەتەکە هاوکات، جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی سووریا دەکاتەوە کە رێگەچارەیەکی سیاسی بۆ دۆخی وڵاتەکە دەخاتەڕوو.
لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکە لەگەڵ سووریا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، پێشبینی دەکەن پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی بەردەوام بێت.
وەزارەتەکە ئاماژە بەوە دەدات، ئێران بە وردی چاودێریی پێشهاتەکانی سووریا و ناوچەکە دەکات و بە لەبەرچاوگرتنی هەڵسوکەوتی کاراکتەرە کاریگەرەکان لە گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنیی سووریادا "رێباز و هەڵوێستی گونجاو دەگرێتەبەر."
وەڵام بدەوه