گوتەبێژی سوپای عێراق ئەوپەڕی ئامادەباشی بۆ هەموو هەڕەشەیەکی دەرەکی ڕاگەیاند و دەڵێت، ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو هەڕەشەیەک.
دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، بەرپرسانی ئیسرائیل هەڕەشە دەکەن و دەڵێن، ئەگەر عێراق گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵ نەکات، دوای پاککردنەوەی لوبنان نۆرەی عێراقە.: لیوا یەحیا ڕەسوڵ، گوتەبێژی سوپای عێراق بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە: "محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی فەرمانی ڕاستەوخۆی بە هێزی بەرگری ئاسمانی داوە ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵات بگرنەبەر. هەروەها ئامادەکاری پێویست بۆ بەهێزکردنی هێزەکان و پاراستنی سەرەوەری دەوڵەت بکەن".
گوتەبێژی سوپای عێراق جەخت دەکاتەوە، هەموو هێزە چەکدارەکان بە هەموو جۆرە ڕێکخستنییەکانیانەوە لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە هێرشێک. دەشڵێت: "پارێزگاریکردن لە عێراق مافێکی دەستوورییە و حکومەت هەموو ڕێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی مەترسی لە وڵات دووربخاتەوە".
فەرماندەی هێزە چەکدارەکان سەرجەم هێزە ئەمنییەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕاسپاردووە، بەردەوام زانیاری نوێ کۆبکەنەوە و هەموو 12 کاتژمێرێک ڕاپۆڕت بۆ فەرماندەیی گشتی بەرزبکەنەوە.
باکگراوند: فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسی مێپس 2024 لە دهۆک بۆ یەکەمجار پشتڕاستی کردەوە، بە نامەی فەرمی و بەشێوەی زارەکی ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشکردنە سەر خاکی عێڕاقی کردووە.
وەڵام بدەوه