ئەمریکا پەیامێکی هۆشداری تووند وەک دوا دەرفەت لە بەرامبەر مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان دەداتە حکومەتی عێراق، ئەگەر نا ڕووبەڕووی هێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل دەبێتەوە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە ناوی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق و لەژێر ناوی پشتیوانی لە غەززە و لوبنان بۆ سەر پێگەکانی سوپای ئیسرائیل بەردەوامە و ڕۆژ بە ڕۆژیش هێرشەکانیان بۆسەر ئیسرائیل چڕتر دەکەنەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەی ئاشکرا کردووە، چوارشەممەی ڕابردوو شاندێکی ئەمریکی بە یاوەری ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەردانی بەغدایان کردووە و چاویان بە ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراق، لە نێویشیاندا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کەوتووە. شەوی شەممە عێراقیان جێهێشتووە.
سەرچاوەکە ئەوەی ئاشکرا کردووە کە شاندەکەی ئەمریکا پەیامێکی هۆشداری تووندیان وەک دوا دەرفەت داوەتە حکومەتی عێراق بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپە شیعە چەکدارەکان کە بەردەوامن لە بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل لە ڕێگەی هێرشە درۆنییەکانەوە بەناوی پاڵپشتی لە غەززە و لوبنان.
کاریگەریی و لێکەوتەکان: ناوەڕۆکی ئەو پەیامەی کە شاندەکەی ئەمریکا بۆ حکومەتی عێراقی هێنا بوو "ئەگەر هێرشەکانی گرووپە چەکدارە عێراقییەکان نەوەستێنرێن، عێراق ڕووبەڕووی هێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل دەبێتەوە. ئەمەش دوایین دەرفەتی ئیسرائیل دەبێت لە بەرامبەر حکومەتی عێراق بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپە شیعەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن". شاندە ئەمریکییەکە محەممەد شیاع سوودانییان لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە ئیسرائیل لیستێکی بۆ بە ئامانجگرتنی گرووپە شیعەکان، ئەوانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێن ئامادە کردووە، ئەمەش دوایین پەیام دەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە.
سوودانی داوای مۆڵەتی لە شاندەکە کردووە بۆ ئەوەی کاتی پێ بدەن تاوەکو پەیامەکە بخاتە سەر مێزی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە بڕیارە ئێوارەی سبەی دووشەممە بە ئامادەبوونی نوێنەران و سەرکردەی ئەو گرووپانەی کە ئەو هێرشانە ئەنجام دەدەن بکرێت.
سەرباری بەردەوامی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر ئیسرائیل، بەڵام حکومەتی عێراق لە چەندین بۆنەدا ئەوەی دووپات کردووەتەوە، ئەوان نایانەوێت ببنە بەشێک لەو ململانێیەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.
وەڵام بدەوه