Kurdistan Press - شێوەی وەڵامدانەوەی ئێران ئاشکرابوو شێوەی وەڵامدانەوەی ئێران ئاشکرابوو | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

شێوەی وەڵامدانەوەی ئێران ئاشکرابوو

دوای ئەوەی ئیسرائیل لە 31ی تەمووزی رابردوو ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە تاران كوشت، لەو ساتەوە ئێران هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە دەكات، ئەمەریكا وەك هەموو جارێك چاوی سووری خۆی پێشانی تاران دا لە ئەگەری هێرشێكی گەورە بۆ سەر ئیسرائیل، هاوكات هەواڵگریی ئیسرائیل ئەوەیان خستە روو كە رەنگە هەر هێرشێكی ئێران بكەنە پاساو و دامەزراوە ئەتۆمی و نەوتییەكانی بكەنە ئامانج، لە سایەی ئەوانەدا راپۆرتێك شێوەی وەڵامدانەوی ئێران دیاری دەكات.

تا ئێستەش راپۆرتەكان باسی هۆكارەكانی دواكەوتنی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ئیسرائیل لێك دەدەنەوە و شارەزایان لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی هەیانە باسی هۆكارەكان دەكەن، لەوانە تاران دوودڵە و دەترسێت، یان بەدوای ئامانجێكی جیاواز و كتوپڕ دەگەڕێت، بەگشتی كوشتنی هەنییە لەناو تاران و وێرانكردنی ئەمبارە نەوتییەكانی بەندەری حودەیدەی حوسییەكانی یەمەن دوو پەیامی توندی ئیسرائیل بوون بۆ تاران و میلیشیاكانی، بەوەی سەركردە و دامەزراوە نەوتی و  ئەتۆمی ستراتیجییەكانتان هێڵی سوور نین.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی پلانەكانی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دوای كوشتنی هەنییە ئاشكرا دەكات، لە راپۆرتێكی ئاماژە دەكات كە ئێران سێ تەوەری سەرەكیی وەك ناوەڕۆكی وەڵامدانەوەكەی دیاری كردووە، وەك لە بەیاننامەیەكی نێردەی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان هاتووە.

بەپێی بەیاننامەكە وەڵامی ئێران سێ تەوەر لەخۆ دەگرێت، یەكەم، سزادانی ئیسرائیل و دووەم، بەرپەرچدانەوەی لە ئەنجامدانی هێرشی زیاتر لە داهاتوو و سێیەم، خۆپاراستن لەهەر وەڵامدانەوەیەكی پێچەوانە كە كار لە ئاگربەستی چاوەڕوانكراو لە غەزە بكات.   

راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە بەهۆی گفتوگۆكانی ئاگربەست لە غەزە ئێران وەڵامدانەوەی بۆ ئیسرائیل دواخستووە، بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكیش بە رۆژنامەكەی گوت، گفتوگۆكانی ئاگربەستی غەزە تاكە هۆكار نییە وای كردووە ئێران وەڵامدانەوەی دوا بخات، بەڵكو تاران ترسی هەیە بەهۆی هێرشی راستەوخۆی بۆ سەر ئیسرائیل شەڕێكی فرەوان لە ناوچەكە هەڵبگیرسێت، كە بارەكەی لەسەر ئێران زۆر قورس دەبێت، بەتایبەتی لە سایەی ئابوورییە پەككەوتووەكەی و ئەگەری هاتنی راستەوخۆی ئەمەریكا بۆناو شەڕەكە.  

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه