KurdistanPress...

CLOSE

جەنگێکی دیکە بەڕێوەیە

هەموو ئەگەرەكان بەو ئاڕاستەیەن، جارێكی دیكە داعش لە سنورەكانی عێراق و سووریا زیندوو ببێتەوە و ئەگەری هەیە جەنگێكی گەورە بەرۆكی ناوچەكە بگرێت. جارێكی دیكە ئەمریكا و عێراق و ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی هاوپەیمانان هاوكاری عێراق بكەن لە ڕووبەڕووبونەوەی داعش و گرووپە چەكدارە توندڕەوەكاندا، ئەگەری هەیە لە عێراق و سووریا جارێكی دیكە زیندوو ببنەوە و ببنە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر گیانی ملیۆنان هاووڵاتی.

ڕۆژی دووشەممە،22-7-2024 لە واشنتن لیژنەیەكی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراق كۆبوونەوە، فەرماندەی باڵای هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە و وەزیری بەرگریی عێراق و وەزیری بەرگریی ئەمریكا لە كۆبوونەوەكەدا بوون، كۆبوونەوەكە دوو ڕۆژی خایاندو پاشان ڕاگەیێنراوێكیان بڵاوكردەوە.

پوختەی ناوەڕۆكی راگەیێنراوە هاوبەشەكە بریتیبوو لەوەی كە ئەمریكا وهاوپەیمانان لە عێراق بەرگریی دەكەن لە سەروەری خاكی عێراق و ئەمنییەتی ناوچەكە و دۆخەكە دەپارێزن و ڕێگری دەكەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەك كە ڕوو لە عێراق دەكات، سوپای عێراق و پێشمەرگە بەشێكی گرنگی ڕێككەوتنەكەن، زۆر بە پوختی ناوەڕۆكی ڕاگەیێنراوەكە ئەوەبوو كە ئەمریكا لە عێراق ناكشێتەوە.

زیاتر لە 80 گرووپی چەكدار لە عێراق دا هەڕەشەیان لە ئەمریكا دەكرد، بەڵام ماوەی زیاتر لە مانگێك هیچ هێرشێكیان نەكردە سەر بنكەكانی ئەمریكا، چونكە دەیانزانی ئەمریكا و عێراق لە كۆبوونەوەدان وادرابوو بەگوێیاندا كە ئەمریكا لە عێراق دەكیشێتەوە، بەڵام ڕاگەیێنراوەكە زۆر بێهیوای كردن و بڕیاردرا جارێكی دیكە دەستبكەنەوە بە هێرشكردنە سەر ئەمریكا.

وەك سەرەتای دەستپێكردنەوەی هێرشەكان، حیزبوڵڵای عێراقی بە درۆن لە عێراقەوە هێرشی كردە سەر ئیسرائیل، ئامانجی نەپێكا، بەڵام پەیامی خۆی گەیاند، ئەم ڕووداوە 25-7-2024 ڕوویدا، ئەمەش هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی ناوچەكە بچێتەوە بارێكی نائارام.

درەنگانی شەوی 25-7-2024 گرووپە چەكدارییەكان كە سەركردەكەیان حیزبوڵڵای عێراقە، بە مووشەك هێرشیان كردە سەر بنكەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و چوار مووشەكیان بە بنكەكەوە نا، بەرەبەیانی ڕۆژی 27-7-2024 بنكەی ئەمریكا لە سووریا لە لایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە كرایە ئامانج لە ناوچەیەك لە لێواری دێرەزور و چەندین مووشەكی ئاڕاستەكرا.

مووشەكەكان پەیامبوون

ئەو مووشەكانەی كە لە سووریا و عێراقەوە ئاڕاستەی ئەمریكا كران، پەیامی ئێران و گرووپە چەكدارەكان بوو لە بارەی ئەو ڕاگەیێنراوەی عێراق و ئەمریكا و پێشمەرگە دەریانكرد، هەموو ئاڕاستەكان باس لەوەدەكەن، گرووپە چەكدارەكان لە ماوەی ئەو مانگەی كە بێدەنگ بوون بە تەواوەتی خۆیان ڕێكدەخستەوە و مووشەك و درۆنی پێشكەوتوویان دەستكەوتووە و بەبەردەوامی هێرشی چڕ دەكەنەوە سەر ئەمریكا و ئیسرائیل لە سووریا و عێراق.

پێش ئەوەی ئەمریكا و عێراق و پێشمەرگە لە ناوچەكەدا ڕاگەیێنراوێك بڵاوبكەنەوە، ئینستتیوتی میدڵ ئێست لە ڕاپۆرتێكی دوور ودرێژدا بڵاویكردەوە كە داعش دێتەوە عێراق و سوریا و بە بەهێزیش دەردەكەوێتەوە، ئەمەش بۆ خۆی پەیامێكە بۆ ئەوەی كە ئەمریكا و هاوپەیمانان لە ناوچەكەدا پێویستن.

هەموو بۆچوونە سەربازییەكان بەو ئاڕاستەیەن، هێشتا سوپای عێراق بەتەواوەتی ناتوانێت ڕووبەڕووی هێرشێكی بەرفراوانی داعش ببێتەوە، بەتایبەتی لە ناوچە جێناكۆكەكان كە بۆشایی ئەمنیی دروستكردووە و داعش بە ئاشكرا خەریكی چالاكی و كردەی سەربازییە، ئەمەش وادەكات جارێكی دیكە ئەمریكا لە ناوچەكە بمێنێتەوە.

حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی سوپای عێراقدا ئامادەكاریی دەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ترسی گەورەیان ئەوەیە كە لە كاتێكی ترسناكدا ڕووبەڕووی ئەو گرووپە ببنەوە و نەتوانن بەتەواوەتی ئەو گرووپە لەناو ببەن.

ڕووداوەكانی شەش مانگی ڕابردوو، لە هێرشی حەماس، حیزبوڵڵای لوبنان، حووسییەكان، حیزبوڵڵای عێراق، گرووپە چەكدارەكان بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمریكا، نیشانی دەدەن كە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاڵۆزییەكی دیكە ڕوودەدات كە چەقی ململانێكە عێراق و سووریا دەبێت. هەمووان دەزانن ئەمریكا ناكشێتەوە، گرووپەكانیش بە هاوكاری ئێران هەرگیز واز لەوە ناهێنن كە ڕووبەڕووی ئەمریكا و ئیسرائیل نەبنەوە، ئەمەش پێماندەڵێت  جەنگ بەڕێوەیە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه