Kurdistan Press - ئەمریکا داوایەکی وڵاتانی عەرەبی رەتدەکاتەوە ئەمریکا داوایەکی وڵاتانی عەرەبی رەتدەکاتەوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ئەمریکا داوایەکی وڵاتانی عەرەبی رەتدەکاتەوە

رۆژی شەممە 4ی تشرینی دووەمی 2023 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی سعودیە، میسر، ئوردن، ئیمارات و قەتەر لە عەممانی پایتەختی ئوردن کۆبووەوە. دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە ئاشکرا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی داوایان لە بلینکن کرد گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل تاوەکو بە ئاگربەست رازی بێت، بەڵام بلینکن ئەو پێشنیازەی وڵاتانی عەرەبیی رەتکردووەتەوە و پێی راگەیاندوون، ئەو پێشنیازە تەنیا لە بەرژەوەندیی حەماسە و ئاگربەست رێگەیان بۆ خۆشدەکات خۆیان رێکبخەنەوە تاوەکو هێرشی زیاتر بکەنە سەر ئیسرائیل.

بلینکن گوتی، "ئەوە بۆچوونی ئێمەیە، ئاگربەست حەماس لە شوێنی خۆی دەهێڵێتەوە و رێگەیان پێدەدات خۆیان رێکبخەنەوە و کردەوەکانیان دووبارە بکەنەوە."

ئەمە دووەم سەردانی بلینکنە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەدوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لە 7ی تشرینی یەکەم، کە لەو رۆژەدا چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل و لانیکەم 1400 کەسیان کوشت و زیاتر لە 240 کەسی دیکەشیان بە بارمتە گرت.

وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانە، سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی کەرتی غەززە دەکات و چەندین جاریش هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی زەوینییان بۆ نێو کەرتەکە کردووە، بەرپرسانی تەندروستیی فەلەستینیش دەڵێن، بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیاتر لە 9500 فەلەستینی کوژراون.

بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی سڤیل، داوای راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕی زیاتر کردووە، بەڵام تائێستا ئەمریکا و ئیسرائیل رەتیانکردووەتەوە. رۆژی هەینی 3ی تشرینی دووەم، لە کۆبوونەوەی نێوان بلینکن و بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بلینکن پێشنیازی راگەیاندنی ئاگربەستی خستووەتە بەردەم نەتانیاهوو، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە.

شەوی شەممە، کاتێک رۆژنامەڤانان لە کۆشکی سپی پرسیاریان لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کرد دەربارەی هەوڵەکانیان بۆ ئاگربەستی مرۆیی، بایدن رایگەیاند، "بەڵێ" وەکو ئاماژەیەک کە ئاگربەستی مرۆیی نزیکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، لە تەنیشت بلینکنەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەم جەنگە نەهامەتیی زیاتر بۆ فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان دەهێنێت. بۆیە دەبێت بوەستێت.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه