محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 30-10-2023 پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جیۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا پێگەیشت، تێیدا پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی بەهێزکردنیان تاوتوێکران، لەگەڵ پەرەسەندنەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و کاریگەری شەڕی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی گوتوویەتی "ناوچەکە بە وەرچەرخانێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێت،" سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری لە خراپ و فراوانتربوونی ململانێکان دەدات و گوتوویەتی "ئەوەی رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم روویدا، ئەنجامی چەندان ساڵەی ستەم، کوشتن، رێزنەگرتن بوو لە بەڵێن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بێبەشکردنی گەلی فەلەستن بوو لە سادەترین ماف کە ژیانێکی ئارامە."
رۆژی حەوتی تشرینی یەکەم، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس بە پێنج هەزار مووشەک لە ئاسمان، زەوی و دەریاوە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، لە نیو کاژێردا سەدان کەسیان کوشت و ژمارەیەکی دیکەیان بەدیل گرتن، لەو رۆژەوە، ئیسرائیل رۆژانە سەدان مووشەک ئاراستەی کەرتی غەززە دەکات و لەئەنجامیشدا تائێستا نزیکەی 10 هەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون.
سوودانی هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی لەبەرامبەر فەلەستین دووپاتکردەوە و پێیوایە غەززە پێویستییەکی زۆری بە هەڵوێستێکی بەرپرسانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێزە، تاوەکو قەیرانی مرۆیی چارەسەر بکرێت و رێگری لە هەڵکشانی ناکۆکییەکان بکرێت.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە، پێویستە رێڕەوی ئارام بکرێتەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆیی و پزیشکییەکان بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی کە لە دۆخێکی کارەستباراندان لە کەرتی غەززە.
لای خۆیەوە، میلۆنی نیگەرانی ئیتاڵیای باسکرد لەبەرامبەر رووداوەکانی غەززە و ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتەکەی گرنگی بە هەوڵەکانی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان دەدات. هەروەها ستایشی هەوڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراقی کرد لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، بانگهێشی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد سەردانی رۆما بکات و سوودانیش بەڵێنیدا لە نزیکترین دەرفەتدا سەردانی رۆما بکات.
وەڵام بدەوه