Kurdistan Press - بھێنە بەرچاوت کەئەم قەوارەیە نەبوو دۆخی کورد چۆن بوو بھێنە بەرچاوت کەئەم قەوارەیە نەبوو دۆخی کورد چۆن بوو | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

بھێنە بەرچاوت کەئەم قەوارەیە نەبوو دۆخی کورد چۆن بوو

یەک سەدە، کوردانی باشوری کوردستان خەباتیان کردووە، بۆ بەدەستھێنانی قەوارەیەکی فەرمی دانێپێدراوی نێودەوڵەتی، کە بەدرێژایی ئەم ماوە پڕ بوو لە برسی کردن و قڕکردن لە ناوبردنی شۆناسی کورد، لەکۆتایی دا بە قەوارەیەک پاداشتکران. ھەر شتێکی بەدەست بھێنی، پێویستی بەقوربانی و ماندووبونی زۆرە، بەڵام بەرگریکردن لەمانەوەی ئەو شتە دوو جار پێویستی بەماندووبونی زیاترە، ھەم بۆ مانەوەی ئەو شتە، ھەم بۆ بەرەوپێشبردنی. 

جا کوردەکانیش قوربانی زۆری داوە تا ئەم قەوارەیە بەدەست ھێناوە، بۆ بەرگریکردن و مانەوەی ئەم قەوارەیە و  بەرەو پێشبردنی پێویستیان بە خەبات و قوربانی زیاترە، ھەر کەس و لایەنێک دەست ببات بۆ لاوازکردن و ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، پێش یاسا و حکومەتی ھەرێم دەبێت لای خەڵکەوە ئەو دەستە لە ڕەگەوە دەربھێنرێت بۆ ئەوەی جارێکی تر کەس جورئەت نەکاتەوە باسی ھەڵوەشاندنەوەی ئەم قەوارەیە بکات .بھێنە بەرچاوت کەئەم قەوارەیە نەبوو دۆخی کورد چۆن بوو! 

چەند زوو لەبیرمان کرد ، ئەو ڕۆژە ڕەش و پڕ ترس و برسیانەی بەسەر کورد ھاتن ھێندە زۆرن ھەتا دونیا ماوە نابێت لەبیر بکرێن ، نەوە لە دوای نەوە دەبێت لەمێشکیان بچەسپێنین کەچەند ڕۆژی سەختمان بەڕێکردوە تا ئەم قەوارەیەمان بەدەست ھێناوە ، ئەگەر ئەم قەوارەیە نەمێنێت کوبانێ یەکی تر یان ھەر شارێکی تری کوردی لەژێر ھەڕەشەی لەناوچون بوو کێ بەھانایەوە دەچێت ؟ جارێکی تر کە بڕیاری قڕکردنی کورد درا بۆ کامە پارچەی کوردستان کۆچ بکەن ھەست بەوەنەکەن کە غەریب و بێکەسن. 

لەنەبونی ئەم قەوارەیە، کە کورد ئەنفال دەکران، زیندەبەچاڵ دەکران، قڕدەکران برسی دەکران دەبوو ھەر چاوەڕێی ئەوەبین کامە وڵات کەمێک ویژدانیان دەجوڵێت لەسەر کورد دێتە دەنگ، کامە وڵات ھەندێک لەجل و بەرگی کۆنی خۆی و تێکە نانێک و قومێک ئاو بۆ کورد دەھێنێت بۆ ئەوەی کەمێک گەرمایان بێتەوە و تینوێتی و برسیەتیان بشکێنن . 
کورد ئەوەندە برسیکراوە ئەگەر موسڵمانانی جیهان بتوانن 30 ڕۆژی ڕەمەزان بەڕۆژوبن کورد دەتوانێت یەک ساڵ بەسەر یەکەوە بە ڕۆژو بێت! کورد لە زستانان ئەوەندە سەرمای بووە دەتوانێت زۆر بەئاسانی لە جەوی ساردی مۆسکۆی ڕوسیا بگونجێت و بژێت. ئەوەندەش لە ھاوینان گەرمای بووە دەتوانێت زۆر بە ئاسانی لە گەرمای بیابانی عەرەبی بگونجێت و بژێت.

لەنەبونی ئەم قەوارەیە کە بابو باپیرمان کۆچیان دەکرد لە بەردەمی دیکتاتۆری «عەرەبی» تینو بەخوێنی کورد دەبو کۆچیان بکردایە بۆ بەردەم گورگی«تورک و فارسی» تینوتر بەخوێنی کورد. 
بە ڕێگاوە ھەزاران مناڵ ھەتیو دەبون، ھەزاران مناڵ لەسەر سینگی دایکیان ڕەق دەبونەوە لەسەرما یان بەھۆی نەبونی شیر لەسینگی دایکیان دەمردن لە برسا، ھەتا دایکیان نەک ھەر پارچەکی بچوکی نانیان نەدەبوو بەڵکو پەلکی داریشیان بەدەست نەدەکەوت بیخۆن بۆ ئەوەی کەمێک شیر بێتە سینگیان و بە مناڵەکانیان بدەن بە جەرگێگی سوتاوەوە بەدەستی خۆی مناڵە ساواکەی دەناشت. 

لەھەبونی ئەم قەوارەیەدا، ھەرێمی کوردستان بووە پەناگەھێکی پارێزراو بۆ کوردانی ھەرچوار پارچەی کوردستان، بووە بە سەقفێکی پارێزراو لەبەرامبەر تەیارە و تۆپەکانی ھەموو نەیار و دوژمنەکانی کورد. لەھەبوونی ئەم قەوارەیە کورد خۆی خاوەندارێتی خۆی دەکات، نەک خەڵک تر خاوەندەرێتی دەکات خۆیان لەسەر دەسەپێنن.
لەھەبونی ئەم قەوارەیەدا دەسەڵاتدارانی کورد بۆ یەکەم جار توانیان ھێز بنێرنە پارچەیەکی تر بەرگری لە ناوبردنی نەژادی کوردی بکەن «پێشمەرگە و کۆبانێ»، بۆ یەکەم جار کوردەکانی پارچەیەکی داگیرکراو کۆچیان کرد بۆ پارچەیەکی کوردستانی ئازاد ھەستیان بەوە نەدەکرد کە غەریب و بێ کەسن بەڵکو ئەوەندە ئارام بون ھەروەکو ماڵی خۆیان نزیکەی یەک ملیۆن کوردی ڕۆژئاوا ھاتنە باشوری کوردستان، بۆ یەکەم جار کورد خۆی ھاوکاری نارد بۆ پارچەکانی تری کوردستان هەر کەلوپەلی خواردن و جلوبەرگ و ....هتد.
قوناغی قەوارەمان تەواوکردووە، نابێت بگەڕینەوە دواوە ئێستا قوناغێکی تر دەسپێکردووە، گەر یەک بین دوورنین زۆر نزیکین، گەر یەک نەبین نزیک نین زۆر دوورین. 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه