ئەمڕۆ پێنچ شەممە بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر و ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە و بەشدار عبدالخالق، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی ھەولێر، قوتابخانەیەکی ١٨ پۆڵی لە کۆمەڵگای پیرزین کرایەوە.
لەمبارەشەوە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کاتی کردنەوەی قوتابخانەکە ڕایگەیاند: " ئەمڕۆ قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلیمان لە کۆمەڵگای پیرزین، لە گەرەکی ئاراس کردەوە، کە بەمەوە ٥٥ قوتابخانە لە کابینەی نۆیەمدا کەوتۆتە بواری خزمەتەوە، کە جەنابی سەرۆکی حکوومەت پارەی پێویستی تەرخانکرد بۆ تەواوکردنی ئەم قوتابخانەیە کە بڕەکەی ملیارێک و ھەشت سەدو چل و یەک ملیۆن دینار بووە، ھاوکات بە کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە لۆدی سەر قوتابخانەکانی دەوروبەری ئەم ناوچەیە کەمتر دەکاتەوە".
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشکرد: "٣٠ قوتابخانەی تر لەسەر بودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەرتاسەری کوردستان دروستدەکرێن، ھاوکات ١١ قوتابخانەی تر لە شاری ھەولێر دەست بە دروستکردنیان دەکرێت، کە ئەمەش وادەکات لە ناو قوتابخانەکان دوو دەوامی و سێ دەوامی کەمتر بێتەوەو دەبێتە بەشێکی گرینگ لە بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی پەروەردە".
وەڵام بدەوه