ئەمڕۆ پێنجشەممە 22/6/2023، کاتژمێر مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی کارگەی چیمەنتۆی دابین-ی لە پارێزگای هەولێر دانا.
کامەران دۆسکی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەی کارگەی چیمەنتۆی دابین لە وتارێکدا رایگەیاند: "پڕۆژەکە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و لە ماوەی دوو ساڵی کارکردن بۆ دروستکردنی نزیکەی هەزار هەلی کار و لە ماوەی بەرهەمهێناندا نزیکەی 350 هەزار هەلی کار راستەوخۆ و 500 هەلی کاری ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت".
راشیگەیاند: "پڕۆژەکە پێکدێت لە هێڵی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و بە توانای شەش هەزار کلیکەر کە دەکاتە شەش هەزار و 300 تۆن چیمەنتۆ لە رۆژێکدا، هەروەها وێستگەیەکی کارەبا لە خۆ دەگرێت کە توانای بەرهەمهێنانی 52 مێگاوات کارەبای هەیە، کە لەسەر رووبەری 212 دۆنم زەوی لەلایەن کۆمپانیای خاوەن ئەزموون پاوەرچاینەل بە کوالێتی و ستانداری جیهانی لە ماوەی 24 مانگدا جێبەجێ دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەری زۆری هەبوو، بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بۆ بوژانەوەی ئابووری، ئەوانیش وەکو کۆمپانیای دابین گرووپ دەستیان بەو پڕۆژە ستراتیژییە کردووە، هاوکات سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە ئاسانکاری و پاڵپشتی بۆ وەبەرهێنەران. پڕۆژەکە بە ھەماھەنگی نێوان پاوەرچاینەل و دابین گرووپ بە دووری 45 كیلۆمەتر لە باكووری شاری ھەولێر دروست دەكرێت، كە دەبێتە مۆدێرنترین بنكەی بەرھەمھێنانی چیمەنتۆ لە ھەرێمی كوردستان.
ئەو کارگەیە لەسەر رووبەری 43 ھیكتار زەوی دروست دەکرێ، لەكاتی کەوتنەکاری لە رۆژێكدا توانای بەرھەمھێنانی زیاتر لە شەش ھەزار تۆن و لە ساڵێكیشدا توانای بەرھەمھێنانی دوو ملیۆن تۆن چیمەنتۆی دەبێت.
ئەو بەردەی كە چیمەنتۆكەی لێ بەرھەمدەھێندرێت بە بەردی "لایمستۆن ناسراوە"، نزیكەی یەك كیلۆمەتر لە شوێنی دروستكردنی كارگەكەوە دوورە و بە سەلمێندراوی نزیكەی 150 ملیۆن تۆن یەدەگی ھەیە، بەمەش دڵنیایی دەدات كە كارگەكە دەتوانێت بۆ ماوەی 50 ساڵ كاربكات.
بەردەكە بە بارھەڵگر دەگوازرێتەوە بۆ كارگەی تێكشكێنەر كە لە كاتژمێرێكدا توانای شكاندنی ھەزار و 400 تەنی ھەیە.
دوای تێكشكاندنی بەردەكە لە رێگەی پشتێنێكەوە مادەكە دەگوازرێتەوە بۆ كۆگای پێش تێكەڵكردنی لایمستۆن، بە توانای خەزنكردنی 45 ھەزار تۆن و خەزنكردنی پارێزراو بۆماوەی چوار رۆژ.
خۆلەكە و گێچەكە تێكدەشكێندرێن و لەرێگەی پشتێنەوە بەجیا دەگوازرێنەوە بۆ وێستگەی راستكردنەوەی مادەی خاو پێش تێكەڵكردن.
وێستگەكە گێچ، خۆل، كانزای ئاسن و لایمستۆنی تێدایە، پرۆسەكە بەچەندین قۆناغی دیكەدا تێپەردەبێت تاوەكو چیمەنتۆكە بەرھەم دێت.
كارگەكە چوار سایلۆی ھەڵگرتنی چیمەنتۆی ھەیە بە تیرەی 18 مەتر و بەرزی 56 مەتر، كە بە جیا چیمەنتۆی جۆری پۆرتلەنتی ئاسایی و چیمەنتۆی سێمپتو ھەڵدەگرێت. ھەر سایلۆیەك توانای ھەڵگرتنی 10 ھەزار تەن چیمەنتۆی ھەیە.
وەڵام بدەوه