حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندنێکدا ڕوونی کردەوە کە بەرهەمی ماسیی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق و وڵاتانی کەنداو هەناردە دەکرێت کە لە ڕێگەی پرۆژەیەکی ستراتیژییەوە لە دهۆک کاری لەسەر دەکرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیشی ڕوون کردەوە کە ''گەورەترین پرۆژەی بەرهەمی ماسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە دهۆک دروست دەکرێت کە لە چەند بەش پێک دێت و لە قۆناغێ یەکەمدا پرۆژەکە توانای بەرهەمهێنانی 200 تۆن گۆشتی ماسیی هەیە و سەدان هەلی کاریش دەڕەخسێنێت.
لە ڕاگەیاندنەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ''ئامانج لە دروستکردنی ئەو پرۆژەیە پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ و هەناردەکردنی ماسی بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستانە کە لە قۆناغی یەکەمدا بە ساڵێک دەتوانێت هەزار و 200 تۆن گۆشتی ماسی بەرهەم بێنێت.
هەر لەم بارەیەوە، شوکری عومەر، بەڕێوەبەری پرۆژەی بەرهەمی ماسی، بە ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە: ''ئەمە یەکێک لە پرۆژە ستراتیژییەکان و سەرمایەکەی 10 ملیۆن دۆلارە و ئێستا 500 هەلی کاری بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕەخساندووە و بەرهەمی ماسی بۆ عێراقیش دەنێردرێت.
وەڵام بدەوه