بەرپرسێکی وەزارەتی شارەوانی ئاشكرای دەكات، لێخۆشبوون لە پارەی پێوەری ئاو كۆتایی پێ دێت و دەڵێت: بڕیاری لێخۆشبوونی سزای نەبوونی پێوەری ئاو كۆتایی پێ دێت و نوێ ناكرێتەوە، ئەوەی نەیكات قەرزەکەی هەر لەسەر دەمێنێت و مانگانەش 80 هەزار دینارەکە هەر بەردەوام دەبێت.
ئاری ئەحمهد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند: تەنیا چەند رۆژێكی ئەم هەفتەیەسەبارەت بە لێخۆشبوونی پارەی پێوەری ئاو، بۆ ئەو کەسانە ماوە، کە پێوەری ئاویان نەبەستووە، بۆیە دەبێت هاووڵاتییان ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە، تاوەکوو لەو بڕیارە سوودمەند بن.
ئاشكراشی كرد: "بڕیاری داشكاندنی بەستانی پێوەر لە 21ی6ی 2023 كۆتایی پێ دێت و ماوەكە درێژ ناكرێتەوە، چونكە ماوەیەكی زۆرە بڕیارەكە كاری پێ دەكرێت و چەند جارێكیش درێژ كراوەتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی کوردستان زیاتر گوتیشی: "ئەو هاووڵاتییانەی لە ماڵەکانیان پێوەری ئاویان نەبەستووە، ئەو 80 هەزارەی، کە بۆ هەر ماڵێک لەناو شار دانرابوو، بۆ هەر مانگێک لەو مانگانەی کە قەرزارن، دەبێتە 20 هەزار و لە قەزا و ناحیەکانیش دەبێتە 10 هەزار دینار، چونکە لێخۆشبوونی 75% دەیانگرێتەوە، هەر کەسێک پێوەر نەبەستێت، ئەوا قەرزەکەی هەر لەسەر دەمێنێت و مانگانەش 80 هەزار دینارەکە هەر بەردەوام دەبێت."
بەپێی بڕیارەكە، ئەگەر کەسێک لەناو شاردا ساڵێک پێوەری نەبەستبێت و 960 هەزار دینار قەرزار بێت، ئەوا دەبێـتە 240 هەزار دینار، کەسێکیش لەدەرەوەی شار پێوەری نەبووبێت، ئەوا پارەی ساڵەکەی لە 960 هەزار دینارەوە دەبێتە 120 هەزار دینار.
ئاری ئەحمەد ئەوەشی خستە ڕوو، چاوەڕوانن ئەو هەفتەیە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی سەردانی فەرمانگەكانی ئاو بكەن، گوتیشی: "لەوانەیە لەگەڵ كۆتایی ئەم هەفتەیە، بەگشتی بەستنی پێوەر بگاتە 83% بۆ 84%."
گوتیشی: "هەر کەسێک پێوەری نەبێت، سەردانی فەرمانگەکانی ئاو بکات، پێوەری بۆ دەبەسترێت و دەخرێتە نێو سیستەم، کاتێک خرایە نێو سیستەم، ئەوا پسوولەیەکی بۆ دەکرێت، هەموو ئەوەی پێشووی، کە بە 80 هەزار دیناری مانگانە بۆی ئەژمار کراوە، ئەگەر لەناو شاردا بێت دەکرێتە 20 هەزار دینار و ئەگەر لەدەرەوەی شاریش بێت، بۆی دەکرێتە 10 هەزار دینار."
وەڵام بدەوه