بەرپرسێكی گەنجینەیەك لەبارەی ئەوانەی كەفیلیان هەیە و قیستی پێشینە ناگەڕێننەوە روونكردنەوە دەدات و دەڵێت: ”بەپێی یاسا، ئەگەر ئەوەی قیستی پێشینەی لەسەرە هەر پابەند نەبوو، ئەوا مووچەی كەفیلەكەی رادەگرین.“
سیامەند ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گەنجینەی ئیدارەی سۆران، ڕاگەیاند: "ئەوەی قیستی پێشینەی ماوە، بەتایبەت لای ئێمە قیستی پێشینەی هاوسەرگیری هەیە، هەركەسێك نەیگەڕێنێتەوە، ئەوا لە رێگەی كەفیلەكەیەوە، كە فەرمانبەرە، ئاگادار دەكرێتەوە، تاوەكوو پابەند بێت بەگەڕانەوەی قیستەكە.
ئاماژەی بەوەش دا: ئەگەر هەر پابەند نەبوو، ئەوا مووچەی كەفیلەكە رادەگرین، ئەوەش كارێكی یاساییە و بەپێی رێنوێنییەكان دەكرێت.
پێشینەی هاوسەرگیری یەك ملیۆن تا پێنج ملیۆن دینار بوو، ساڵانە قیستەکان شەش مانگ جارێکە و بڕەکەیشی 180 هەزار دینارە.
بەڕێوەبەری گەنجینەی سۆران گوتیشی: "تا ئەو كاتە مووچەی كەفیلەكانیان رادەگیرێت، كە كەسەكە پێشینەكە دەگەڕێنێتەوە، ئەوكات مووچەی كەفیلەكە خەرج دەكرێتەوە و كێشەی نابێت.
جەختیشی كردەوە، تەنیا مووچە راگرتن دەبێت و پارەی لێ ناگێڕدرێتەوە، گوتیشی: "ئەوەی پێشینەكەی وەرگرتووە، كە هات قیستی خۆی هێنا، ئەوكاتە مووچەكە دەدرێت و كێشەی نابێت.
لە ساڵی 2015ەوە وەرگرتنەوەی قیستی پێشینەكانی هاوسەرگیری، خانووبەرە، سندووقی نیشتەجێبوون لە فەرمانبەران راگیراوە، تەنیا ئەوانە لێیان وەردەگیرێتەوە، كە وەكوو هاووڵاتی وەریان گرتووە.
وەڵام بدەوه