بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی، لەبارەی دابەشکردنی مووچە زانیاریی دەخاتە ڕوو و دەڵێت: "لە ساڵی 2021ـەوە، 23 مانگ مووچە لە کاتی خۆیدا و مانگانە دابەش کراوە، تەنیا چەند جارێک بەغدا بڕە پارەیەکی ناردووە.
ھونەر جەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی كوردستان راگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی حەوتی ساڵی 2021ـەوە، 23 مانگ مووچەی لە کاتی خۆیدا و مانگانە دابەش کردووە، واتە 23 مووچەی تەواومان دابەش کردووە، کە تەنیا 13مانگ بە داهاتی ناوخۆ و نەوت بێ هیچ بڕەپارەیەکی بەغدا مووچەمان داوە، ئەمەش نیشانەی چاکسازییە و داهاتیش باش کۆدەکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا: "وێڕای وەستانی هەناردەی نەوت، توانیمان لەم مانگەدا مووچەی مانگی چوار دابەش بکەین، بۆ مووچەی مانگی پێنجیش هەموو پێشینەی کارەکانی ئێمە و حکوومەت بۆ ئەو ئامانجەیە و چاوەڕوانین بزانین بەغدا چەندمان بۆ دەنێرێت، چاوەڕێین بزانین هەفتەی داهاتوو چۆن دەبێت، تاوەکوو بڕیار لە مووچەی مانگی پێنج بدرێ.
هونەر جەمال، دووپاتی کردەوە، کاری لەپێشینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانە. گوتیشی: ئەگەر بەپێی ڕێکكەوتنی بەغدا و هەولێر بودجه پەسند بکرێت و ئەو گۆڕانکارییانەی لێژنەی دارایی کردوویەتی چاک بکرێن و بودجه پەسند بکرێت و شایستەی خۆمان وەربگرین، ئەوا دابەشکردنی مووچه ئاسایی دەبێتەوە.
وەڵام بدەوه