سەرۆكی پارتێكی عێراقی رایدەگەیەنێت، ئەوەی لە لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە بە هەمواركردنەوەی هەردوو ماددەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجە كە بە تەواوی دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانە، بەر لە هەموو شت هەوڵێكە بۆ شكست پێهێنان بە حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی.
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەبێ ڕەچاوكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و بەبێ رێزگرتن لە رێككەوتنی سیاسیی (هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت) هەردوو ماددەی 13 و 14ی لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، بە شێوەیەكی دوژمنانە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان هەموار كردەوە، لەسەر هەموارەكەش هەریەك لە هەرێمی كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی و نەرمین مەعرووف، ئەندامی فراكسیۆنەكە واژۆیان كرد.
لەمبارەیەوە میسال ئالووسی، سەرۆكی حزبی ئوممەی عێراقی و سیاسەتمەداری بەناوبانگی عێراق، راگەیاند: ئەوەی ڕوو دەدات بارودۆخێكی بەئازارە، بە چاوپۆشی لە هەڵوێستی حزبی و سیاسیی هەموو لایەك، بەڵام ئەم دۆخە جێی نیگەرانییە، چونكە دەسەڵاتەكان لە ناوچەی سەوز بە مەبەست كار بۆ ئازاردان و پەراوێزخستنی كوردستان دەكەن، میلیشیاكانیان مووشەك و درۆن دەنێرنە سەر كوردستان، وەزارەتەكانیان و پەرلەمانتارانی سەر بە میلیشیاكانیش كار لەسەر شكستپێهێنانی پڕۆژەیاسایەكی وەك بودجە دەكەن لەپێناو ئیحراجكردن و وەستاندنی رەوتی ژیان لە كوردستان.
ڕوونیشی كردەوە: پێویستە بودجە بەشێك بێت لە ڕێككەوتنی سیاسی، ئەو ڕێككەوتنەش دەبێ لەپێناو بەكارخستنی حكوومەتێكی نیشتمانیی بێت كە چاكسازی بكات، ئێستا ڕێككەوتنێك لەگەڵ كورد و سوننە كراوە و بەهۆیەوە حكوومەتێك پێكهێندراوە، كەچی دێن پێشێلی دەكەن. ئەوە سەرەتایەكی مەترسیدارە و هیوادارم هاوڕێم محەمەد شیاع سوودانی ئاگادار بێت. لێرە تەنیا كوردستان و كورد بە ئامانج ناگیرێن، بەڵكوو حكوومەتەكەی سوودانی و متمانەكەی بەئامانج دەگیرێ.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا میسال ئالووسی ئاماژەی بەوە كرد: با راشكاو بم، لە دونیادا دەڵێن ئەو حكوومەتەی كە متمانەی لای هاوبەشەكانی نەبێت، چۆن دەبێ متمانەی پێ بكەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و گەندەڵی؟ من پێموایە ئەوانەی ئەم كارەیان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە كردووە، لە توندڕەوەكانن و بەمەبەست دەیەوێ سوودانی شكست پێ بهێنێت و ڕێككەوتنەكەی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا هەڵبوەشێنێتەوە.
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ ئەم كارە دەستێكی باڵای لەپشتەوەیە یاخود لە خۆیانەوە چەند پەرلەمانتارێك كردوویانە؟ میسال ئالووسی بۆ گوتی: ئەوەی روو دەدات لەوە گەورەترە كە چەند پەرلەمانتارێكی هەرزە كردبێتیان، هیچ پەرلەمانتارێكی سوننی و شیعە بوێریی ئەوەیان نییە كە یارییەك بكەن گەورەتر بێت لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات، بە ئامانجگرتنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقییە و دەیانەوێت حكوومەت لاواز بكەن و بیگەڕێننەوە خاڵی سفر. پێم پێموایە خەڵكێك لە چوارچێوەی هەماهەنگییدا هەن كە دەیانەوێ سەرۆك وەزیران لە خۆیاندا بێت. هەروەها ئینشقاق و ململانێی گەورە لە نێوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەیە. ئەوەی هەیە هەوڵێكی مەترسیدارە بۆ لەناوبردنی كوردستان لە ڕێگەی تەقاندنەوەی حكوومەتی عێراقییەوە، ئەگەر ڕێككەوتنەكە هەڵبوەشێتەوە، جارێكی دیكە دەگەڕێینەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.
ئەوەشی ئاشكرا كرد كە هۆكاری بەئامانجگرتنی كوردستان لە لایەن ئەو جۆرە كەسانەوە بریتییە لەوەی، سەركەوتنی كوردستان و پێشكەوتنی كوردستان هەڕەشەیە لەسەر هزری ئەو توندڕەوانەی كە لەپشت ئەم بڕیارانەوە بوون.
وەڵام بدەوه