بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو ڕایدەگەیەنێت، لەمەودوا بۆ ئاسانكاری و سووككردنی ئەركی سەرشانیان، هاووڵاتییان دەتوانن بە شەش قیست قەرزی ئاو بدەنەوە و وردەكارییەكەشی ئاشكرا دەكات و دەڵێت: "ئەوەی 200 هەزار دینار قەرزی لەسەبێت بۆی دەكرێتە شەش قیست."
ئاری ئەحمهد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: "پێشووتر قەرزی ئاو دەكرایە چوار قیست، بەڵام ئێستا لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان زیاد كراوە بۆ شەش قیست."
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو گوتیشی: "كەسێك 200 هەزار دیناری ئاو قەرزار بێت ئەوە بۆی دەكرێتە شەش قیست بە مەرجێك قیستی یەكەمی 25%ی بدات 75%ی قەرزەكەی دیكەیش بە پێنج قیست بداتەوە، كە كۆی گشتی دەكاتە شەش قیست."
قیستی یەكەم پێكدێت لە 25%ی كۆی گشتیی قەرز و پێنج قیستەكەی دیكەیش هەریەكەی 15%ی قەرزەكە دەبێت.
ئاری ئەحمهد، ئاماژەی بەوەش دا، پێشووتر ناڕێكۆی لە بابەتی كردنە قیستی قەرزەكان هەبووە، بەڵام ئێستا رێكخراوەتەوە، گوتیشی: "پێشتر هەندێك فەرمانگەی ئاو دەیانگوت قەرز ناكرێتە قیست، هەندێكی دیكە بە چوار قیست پارەكەیان داوا دەكرد، ئێستا بە نووسراوی فەرمی پابەند كراون بە شەش قیست و هەموو وەكوو یەك لێدەكرێت."
بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 300 ملیار دیناری قەرزی ئاو لای هاووڵاتییانە و لێخۆشبوونی 15%ی قهرزی كرێی ئاوی هاووڵاتییان و تاوەکوو 10ی 6 بەردەوام دەبێت.
وێرای زیادكردنی قیستەكان و لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی ئاو، لەمەودوا ئەو پسوولەی ئاو. كە دەچێتە بەردەمی ماڵان، سێ پارچەیە و هاووڵاتی سەرپشكە لەوەی، كە كرێی ئاوی دوو مانگ دەدات، یان كرێی ئەو دوو مانگە و قەرزی پێشوویشی دەداتەوە، هاووڵاتی لەبەردەم بەردەرگای خۆی دەتوانێت هەم كرێی ئاو، هەم قەرزیش بداتەوە، یان بەتەنیا كرێی ئاوەكە بداتەوە.
وەڵام بدەوه