هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، باس لە دوایین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان و بڕیاری پەرلەمان سەبارەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژارنەكان دەكات و چەند زانیارییەك لەمبارەیەوە دەخاتە روو.
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند: "دوایین دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان، دانیشتنێكی ئاسایی بوو و پێشووتر بانگهێشتی بۆ كراوە و بەپێی پەیڕەو مافی پەرلەمانتار و فراكسیۆنەكانە كە داوای زادكردنی بڕگەیەك بكەن، پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن پرسێكی تازە نییە و ئێمە لە ماوەی ساڵ و نیوی رابردوودا چەندین جار داوامان كردووە كە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بخرێتە بەرنامەی كار و هەوڵ بدرێت هاوشان لەگەڵ هەوڵەكانی بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنیش كە رێككەوتنی هەموو فراكسیۆنەكانی لەسەرە كاری لەسەر بكرێت.
گوتیشی: "بەداخەوە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە راسپاردەی حزبەكەی رۆژێك پێشتر پلانی تێكدانی ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی كوردستان داڕشتبوو، ئێمە ئاگاداربووین كە هەوڵێك هەیە بۆ تێكدانی ئەم دانیشتنە، بەڵام ئەوەی ئێمە كردمان ئەركێكی پەیڕەوی و یاسایی بوو و بە دەنگی 58 پەرلەمانتار دەنگی لەسەر دراوە و كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستانیش نووسراو و بڕیاری پەرلەمانیان بەدەست گەیشتووە، بۆیە هیوادارین ئەو كۆسپە سیاسی و حزبیانەی كە لەرێگەی پەرلەمانەوە لەماوەی ساڵ و نیوی رابردوودا دروست دەكرا بۆ رێگریی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان هیوادارین لە كۆمسیۆن رەنگ نەداتەوە."
وەڵام بدەوه