Kurdistan Press - داوای دەستکاریکردنی پشکی ھەرێم دەکرێت. داوای دەستکاریکردنی پشکی ھەرێم دەکرێت. | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

داوای دەستکاریکردنی پشکی ھەرێم دەکرێت.

0 پەرلەمانتارى عێراق بەفەرمى پێشنیازێکیان داوەتەوە لیژنەى دارایی بۆ ئەوەى گۆڕانکارى لەو ماددانەی پڕۆژەیاسای بودجەدا بکرێت کە پەیوەندییان بە هەرێمى کوردستانەوە هەیە، تێیدا داوا دەکەن بڕگەى فرۆشتنى نەوت لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بگۆڕدرێت بۆ کۆمپانیاى سۆمۆ، لە ئەگەری دروستبوونى کێشە، هەولێر و بەغدا بگەڕێنەوە بۆ بڕیارى دادگەى فیدراڵى.

ئەو پەرلەمانتارانە پێشنیازەکەیان بە نووسراوى فەرمى داوەتە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، کە ژمارەیەکیان سەربەخۆن و دووانیان ئەندامى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى و هاوپەیمانیى سەروەریی سوننەن. ئەوان دەڵێن، ئەگەر هەناردەى نەوت دەستپێنەکاتەوە، هەرێمى کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوت بکات.

یەکێک لە پێشنیازەکان گۆڕانکارییە لە مادەى 13ى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى، بەشێوەیەک کە بەرپرسیارێتى پرۆسەى فرۆشتنى هەناردەى نەوت لە حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بگۆڕدرێت بۆ کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ).

لەو پێشنیازانەدا داواکراوە ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى ببەسترێتەوە بە جێبەجێکردنى دوو بڕگەى مادەى 13ى پڕۆژەیاساکە کە تایبەتن بە رادەستکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان و داهاتى نانەوتى، هاوکات داواکراوە ماوەى پرۆسەى پاکتاوکردنى ئەو پارانەى بانکى بازرگانى عێراق و بانکە حکومییەکانى دیکە کە لەسەر هەرێمى کوردستانن بە گوێرەى لێبڕینى مانگانە، بکرێتە پێنج ساڵ لەکاتێکدا کە لە پڕۆژەیاسای ئێستاى بودجە ماوەکە بە حەوت ساڵ دیاریکراوە.

لە پێشنیازێکى دیکەدا داواکراوە ئەو هەژمارە بانکییەی پارەى داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستانى تێدا هەڵدەگیرێت، لەلایەن وەزارەتى داراییەوە لە بانکى ناوەندى بکرێتەوە لەکاتێکدا بەگوێرەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى باس لە رۆڵى وەزارەتى دارایی و بانکى ناوەندى نەکراوە لە کردنەوەى ئەو هەژمارە بانکییە.

مستەفا گەرعاوى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق کە یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەى واژۆى لەسەر پێشنیازەکە کردووە، راگەیاند: ئامانج لەو پێشنیازە بەئامانجگرتنى هیچ لایەنێک نییە، بەڵکو هێنانەکایەى روونکردنەوەى زیاترە لەو بڕگانەى کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستانەوە.

ئەو پەرلەمانتارانە داوایان کردووە لە بڕگەى تایبەت بە هەبوونی ناکۆکى لەبارەى پەیوەست بوون بە ماددەکانى پڕۆژەیاسای بودجە، پەنا بۆ بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى ببرێت و ناردنى بەشە بوجەى هەرێمى کوردستان رابگیرێت.

رۆژی 25ـى کانوونى دووەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق تاوتوێى سکاڵایەکى کرد کە لەلایەن مستەفا سەنەد، پەرلەمانتارى عێراق و پارێزگارى واست پێشکێش کرابوون لە دژى چەند بڕیارێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ ناردنى پارە بۆ هەرێمی کوردستان و دادگە شەش بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان بە "نادەستووری" ناوبرد.

لە بەشێکى دیکەى پێشنیازى ئەو پەرلەمانتارانەدا داواکراوە بڕگەیەک بۆ ماددەى 13ـی پڕۆژەیاساکە زیاد بکرێت بەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ناچار بکرێت ژمارەى فەرمانبەرانى مەدەنى و سەربازى خۆى بداتە وەزارەتى دارایی و دیوانى چاودێریی دارایی عێراق. داواشکراوە ئەگەر هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستى پێنەکردەوە لە رێگەى دەروازەکانەوە یان بۆ بەرهەمى نێوخۆیی بەکارنەهێندرا، رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات.

لە 25ـی ئادارى رابردووەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنچینەی ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا کە رۆژانە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل بوو.

مستەفا گەرعاوى گوتى: "بەشێک لەو بڕگانەى تایبەتن بە پابەندییەکانى پشکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەغدا ئاڵۆزن و ئامانجمان ئەوە بووە کە مامەڵەى ئابوورى نێوان هەردوولا جێگیر بکەین و بەپێچەوانەى ئەوەى لە ساڵانى رابردوو هەبووە.

ماددەکانى 12،13،14ـى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى عێراق تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان و شێوازى هەناردەکردنى نەوت و داهاتەکەى. 

د. نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق راگەیاند: بەشێک لەو پێشنیازانە بە پاڵنەرى دیکەیە و بۆچوونى خۆیان تێکەڵکردووە.

د. نەرمین مەعرووف گوتیشی، هەر پێشنیازێک بە ئەرێنى بزانین بۆ هەرێمى کوردستان جێگەى دەکەینەوە و ئەوەى نەرێنى بێت وەری ناگرین، چونکە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى لەسەر بنەماى رێککەوتنى سیاسى دانراوە.

لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە قۆناخەکانى کۆتایی ئامادەکردنى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتییە بۆ ئامادەکردنى بۆ دەنگدان لە پەرلەمان کە یەکێک لە ئەرکەکانى جێکردنەوەى تێبینییەکانە لەسەر مادە و بڕگەکانى. 

پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق کە بۆ سێ ساڵە، قەبارەکەى زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، لەو بڕە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه