سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18/5/2023، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دادوەری داواکاری گشتی، سەرۆكی شارەوانی هەولێر، قایمقامی ناوەندیی هەولێر، لیژنەی قەرەبوووكردنەوە و دانیشتوانی گوندی ڕەشكین لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، پرۆسەی تیروپشك بە پێدانی چەند پارچە زەوییەك بۆ قەرەبووكردنەوەی هەر خاوەن مافێکی گوندی ڕەشكین بەڕێوە چوو و هەر ئەمڕۆش سەنەدی زەوییەكانیان وەرگرت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە میانەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی تیروپشك لە وتارێكدا بۆ دانیشتوانی گوندی ڕەشكین سەبارەت بە شێوازی قەرەبووكردنەوەكە ڕایگەیاند: "مافی دانیشتوانی ڕەشكین زۆر بە زیادەوە حسابی بۆ كراوە و لە شوێنە زۆر باشەكانی شاری هەولێر زەوییەکەیان وەردەگرن.
ئەوەشی خستە ڕوو: "ڕەشكین كەوتووەتە ناوچەی قەدەغەكراوی فڕۆكەخانەی هەولێر و لە ماستەرپلاندا سەوزاییە، بۆیە ئەو دامەزراوانەی ئەوێ لەوێ لادەچێت و لە شوێنەكەشی شەقامی دووساید بەناوی شەقامی ڕەشكین لێ دروست دەكرێت، هەروەها دەكرێتە پارك و ناوچەی سەوزایی و بە هەمان شێوە بەناوی ڕەشكین دەكرێن، ئەمەش بۆ ئەوەیە ناوی ڕەشكین بمێنێتەوە.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا، وەزیری شارەوانی تیشكی خستە سەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت لە قەرەبووكردنەوەی دانیشتوانی ڕەشكین و لەمبارەیەوە گوتی: "لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی دانیشتوانی ڕەكشین مافیان نەفەوتێت و بە زیادەوەش مافیان پێ بدرێت، لە نزیكترین و باشترین شوێنەكانی شاری هەولێر بۆ قەرەبووكردنەوەی دانیشتوانی ڕەشكین، لە كەرتی 32ی پارك و ناوچەی تێرمیناڵ لە هەولێر زەوییان بۆ تەرخان کراوە، بۆیە لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكوومەت گرنگترین زەویی شاری هەولێر بۆ دانیشتوانی ڕەشكین كردە قەرەبوو و شوێنی سەكەنی، بۆیە بە زیادەوە قەرەبووی دانیشتوانی ڕەشكین کراوەتەوە و هەر ئەمڕۆش سەنەدی تاپۆ وەردەگرن.
ساسان عەونی سەبارەت بە ڕێپێدان بە قەرەبووكراوەكانی ڕەشكین، ڕایگەیاند: "ئەوەی حەز دەكات لە 32ی پارك دەست بە دروستكردنی خانووەكەی بكات، ئەمڕۆ سەنەد وەردەگرێت و بە هەمان شێوە لە تێرمیناڵیش سەنەد وەردەگرن و یەكسەر ڕێپێدانیش وەردەگرن.
سەبارەت بە هەر سكاڵایەك لەسەر شێوازی قەرەبووكردنەوەكە، وەزیری شارەوانی ئاماژەی بەوە دا، هەر كەسێك ناڕازییە یان پێیوایە مافی وەك پێویست نەدراوە، تاوەكوو یەك هەفتە، لیژنەی قەرەبووكردنەوە سكاڵاكان وەردەگرێت.
وەڵام بدەوه