خەلیل دۆسکى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە، 16-5-2023راگەیاند ئەمڕۆ لیژنەکەیان کۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر مادەکانى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراق و بڕیارە ئەو مادانەى تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان، بە دەنگدان یەکلابکرێنەوە.
پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراقدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە. گرنگترین ئەو مادانەى تایبەتن بە هەرێمى کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەدا، مادەکانى 12، 13، و 14ـى پڕۆژەیاساکەن کە تێیاندا پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى عێراق و شێوازى هەژمارکردنى و پرۆسەى فرۆشتنى نەوت باسکراوە.
15ـی ئایار لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەنگدانى لەسەر مادەکانى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراق دەستپێکرد و دەنگى لەسەر نۆ مادەى پڕۆژەیاساکە دا و پرۆسەى دەنگدانى لەسەر 7 مادە دواخست کە سیانیان تایبەت بوون بە پشکى هەرێمى کوردستان.
خەلیل دۆسکى گوتیشی "هەندێک پەرلەمانتار بۆ خۆدەرخستن و بیانووگرتن، ناڕازین لە پشکى هەرێمى کوردستان، بۆیە دەخرێتە دەنگدانەوە
بەگوێرەى زانیارییەکان بەشێکی پەرلەمانتارانى چوارچێوەى هاوئاهەنگی و سەربەخۆکان تێبینییان لەسەر مادەکانى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى هەیە کە تایبەتن بە هەرێمى کوردستانەوە.
لەکۆى 23 ئەندامەکەى لیژنەى دارایی، چواریان سەر بە فراکسیۆنە کوردستانییەکانن، 10 ئەندامیان سەر بە چوارچێوەى هاوئاهەنگى و دوو ئەندامى دیکەیان سەربەخۆن و ئەندامەکانى دیکەى سوننەن.
قەبارەى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە و دەنگدانى نێو لیژنەى دارایی قۆناخى پێش ئامادەکارییە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسایەکە لەنێو پەرلەمان، کە بەگوێرەى رێککەوتنى هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت، 17ـی ئایار، واتا سبەی دیاریکراوە بۆ ئامادەکردنى بۆ دەنگدان.
وەڵام بدەوه