سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی خۆمان کە رۆژی 13ی مانگ کردمان، بڕیارمان دا تیمی یەکێتی بگەڕێتەوە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، گوتمان ئەگەر بەشداریکردنیان سەرکەوتوو بوو، ئەوا لە رۆژی 14ی مانگەوە ئێمە ئامادەین بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، ئێوارەی رۆژی 14ی مانگ وەڵامی برووسکهی پارتیمان دایەوە کە ئامادەین بۆ کۆبوونەوە.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتیشی؛ پێموایە پێش 18ی مانگ، کۆبوونەوەی نێوان هەردوو حزب لە ئاستی مەکتەبی سیاسی دەکرێت، بەڵام هێشتا شوێنەکە دیاری نەکراوە لە سلێمانی یان هەولێر دەکرێت، خۆشم نازانم ئاخۆ بەشدار دەبم یان نە، چونکە سەفەرێکم لەپێشە و ئەگەر سەفەر بکەم بەشدار نابم.
ئەوەشی خستە روو کە یەکێتی لە هەنجەت نییە، بەڵام "هێشتا وەڵاممان لە برادەرانی پارتی وەرنەگرتووە کە کۆبوونەوەکە لە چ رۆژێک دەبێت.
لەمبارەیەوە بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی راگەیاند؛ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی هەردوو لا بکرێ، گرفتەکان چارەسەر دەبن، بۆ ئێمە گرفت نییە کۆبوونەوە لە هەر کوێ بکرێت، لەسەر زۆربەی خاڵەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنیش رێککەوتن کراوە، بابەتی هەڵبژاردنیش شتێکی وای نەماوە کە پێویستی بەوەبێ دانووستانی لەسەر بکرێ.
دووپاتیشی کردەوە؛ دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، بەدەمەوەهاتنی باشی لایەنەکان هەبوو، "پێمان وایە هیچ بەربەستێک نەماوە و قۆناغێکی نوێ لە نێوان حزبە سیاسییەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی دەست پێ دەکات، گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ نێو حکوومەت جێگای دەستخۆشییە، هەڵبژاردنی کوردستانیش پێویستی بە رێککەوتنی هەموو لایەنەکانه."
وەڵام بدەوه