ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە پێویستی دەزانێت، پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەبەرچاو بگیرێ، دەڵێ: ”غەدرێکی گەورە دەکەین ئەگەر نادیدەی بگرین.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، راگەیاند؛ لە یەکەم کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی، کە رۆژی٩ی٥ی٢٠٢٣ بوو، گرژییەکان کەمێک خاو بوونەوە، لە بارزانیش لەو بۆنەیەدا کە ئەو خەڵکە زۆرە تێیدا ئامادە بوون، ئەو دەستپێشخەرییەی کاک مەسعود بووەتە دەستپێشخەرییەكی گرنگ و سەرکەوتوو، پێویستیشە ببێتە هۆی کۆتایی هەموو کێشەکان، بەتایبەت ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا هەیە، جەنابیان گوتیشی، کورد بە یەکگرتوویی گەورەترین دەستکەوتی دەبێت.
سەعدی پیرە گوتیشی: کاک مەسعود بەراوردی راپەڕینی کرد کە بە حەوت رۆژ چ شتێکی گەورەی لێ بەدەست هات، کە بەدرێژایی ٧٠ ساڵی شۆڕش بەدەست نەهاتبوو، ئەوە مانای ئەوەیە کە ئەگەر میللەتمان یەکگرتوو بێت دەتوانێ هەموو شتێک بەدەست بهێنێ و بشیپارێزێت، ئەو پەیامەیشی بەرامبەر حکوومەتی عێراق و پشتگیریی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرنامەکەی کە لە دیالۆگی نیشتمانیی هەموو لایەک ئامادە کراوە، پێم وایە پەیامێکی زۆر گرنگە و پێویستە زۆر بەجدیی وەربگیرێ و لەو پەیامە بەدواوە دەست بە پەیوەندی بکرێ و هەموو لایەنەکان گفتوگۆ لەسەر ئەو کێشانانەی هەنە بکەن.
ھەروەھا دەشڵێ: من گوتوومە ئەم پرۆژەی هەمانە هی چوار پیاوی گەورەیە کاک مەسعود، مام جەلال، کاک ئیدریس و کاک نەوشێروان، سێ لەوانە کۆچی دواییان کردووە، تەنیا کاک مەسعود ماوە، یەکێک لە داواکانمان ئەوە بووە کە نابێ ئەوە تەسلیمی قەدەر بکەین، بۆیە پێم وایە کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور و کاک بافڵ و کاک قوباد گوێڕایەڵیی کاک مەسعود دەکەن و ئەم بابەتە بەجدیی تەرکیزی لەسەر بکرێ و کۆتایی پێ بهێنرێ.
سەبارەت بە پێشوازیی یەکێتی لە پەیامەکەی بارزانی، سەعدی پیرە دەڵێ: ”بەڵێ، ئەی چۆن؟ کاک قوباد و چەندین کەسی دیکەی یەكێتی لە رێوڕەسمەكە بەشدار بوون، بەڕاستی پەیامێکی باش بوو و پێم وایە یەکێتی دەبێ پشتگیری لەو پەیامە بکات، ئێمە دەمانەوێ هەموو ئەو کێشانەی لەنێوانماندا هەیە لەسەر دۆخی سلێمانی، دۆخی ئەمنی، جیاوازییەكان، هەڵەتێگەشتنەکان، دەستوەردانی کاروباری ناوخۆ و هەر شتێکی دیکە هەیە چارەسەر بکرێ، زوڵمێکی زۆر گەورەش دەکەین، ئەگەر ئەو پەیامە نادیدە بگرین.
وەڵام بدەوه