بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ئەنجامی زیادبوونی خێرایی با، پێشبینی دەکەن سبەی شەممە خۆڵ ببارێت. گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراقیش باس لەوە دەکات، لەگەڵ بارینی خۆڵ، پێشبینی دەکەن نمەباران لە بەشێکی هەرێمی کوردستان ببارێت.
رۆژی هەینی 12-5-2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای سبەی شەممە 13-5-2023 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە سبەی ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و لە ئەنجامی زیادبوونی خێرایی بایشەوە خۆڵ دەبارێت.
کەشناسی دەڵێت، هەندێک کات خۆڵبارین زیاد دەکات و ئاستی بینین بۆ نزیکەی دوو کیلۆمەتر تاوەکو چوار کیلۆمەتر کەم دەکات، بە تایبەت لە ناوچەکانی نێوەراست و باشووری هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەرایەتییەکە پێشبینیی بۆ پلەی گەرمای رۆژی شەممەی کردووە و دەڵێت، یەک بۆ دوو پلە نزمتر دەبێت لە تۆمارکراوی رۆژی هەینی، خێرایی باش هەندێکجار بۆ زیاتر لە 35 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا زیاد دەکات.
وەڵام بدەوه