لەبارەی ھەنگاوەکانی یەکخستنی ھێزەکانی ٧٠و٨٠ی پارتی و یەکێتی، فەریق جەمال ئیمنکی، سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھەڵمەتی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە کە بەرنامەی چاکسازی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بوو بەردەوامە، بێگومان وەزارەتی پێشمەرگە یەکێکە لەو وەزارەتانەی کە پێویستە چاکسازی تێدا بکرێت، چاکسازیەکانیش زیاتر لەناو ھێزەکانی پێشمەرگەدانە ئەمەش بۆ یەکخستنەوەی ھێزی ٧٠ و ٨٠یە، تاوەکو بێتە ژێر کۆنترۆلی وەزارەتی پێشمەرگە، لەوبارەشەوە ھەنگاوی باش نراوە و چەندین خاڵ جێبەجێکراوە کە چوار وڵات لە چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە بەشدارن، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ھۆڵەندا. تاوەکو ئێستاش راوێژکارەکانیان لەگەڵ تیمی بۆردی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام کار لەسەر ئەو پرۆژەیە دەکەن.
ئیمنکی، ئاماژە بەوەش دەکات، کە چەندین خاڵ لە رێککەوتنەکە چوینەتە پێش لە یەکگرتنەوەی لیواکان، کە گرنگترین خاڵیان یەکەی دارایی و ژمێریاریە و بڕیارەکەش کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەمبارەشەوە پارتی و یەکێتی ھاوڕانە کە ئەم یەکگرتنەوەیە بێتە جێبەجێکردن بەڵام ھەندێک خاڵ و ھەنگاو ماوە کە بگەنە رێککەوتن لە نێوان ھەردوولادا، ئەم ھەنگاوەش زیاتر پەیوەندی بە رێککەوتنی سیاسی ھەردوو حیزب ھەیە.
پەیوەست بە گواستنەوەی لیواکانیش، سوپاسالاری پێشمەرگە، دەڵێت، تاوەکو ئێستا چوار لیوا گواستراوەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەم ھەنگاوەش بەردەوامە و قۆناغ بە قۆناغ لیواکانی تر دەگوازرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ناوبراو ئەوەش ئاشکرا دەکات، یەکەی ٨٠ لیوایەکی تری ناردووە و کاری لەسەر دەکەن، بڕیاریشە یەکەی ٧٠ش لیوایەکی تری خۆیان بنێرن بەھەمان شێوە.
لەبارەی پشتیوانی یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەش، فەریق جەمال، جەخت دەکاتەوە، کە سەرۆکی ھەرێم زۆر بە پەرۆشە بۆ یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە، ھاوکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەھەمان شێوە، بۆیە ھەموو لایەک ھاوڕانە لەسەر ئەم یەکگرتنەوەیە، بەڵام ئەمە بابەتێکی ھەستیارەو کاتی پێویستە.
وەڵام بدەوه