Kurdistan Press - ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت چۆن باسی سوودانی کرد. ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت چۆن باسی سوودانی کرد. | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت چۆن باسی سوودانی کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئاداری 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی ئەنجامی سەردانی دوێنێی شاندی باڵای حکوومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا، کە لە بارەی چەندین تەوەر، گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە کرا و هەستمان بەوە کرد کە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، ویست و ئارەزوویەکی بەهێزی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.

سەرۆک وەزیران هەروەها بە بۆنەی تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و حکوومەتی عێراقی کرد و هیوای خواست ئەم هەنگاوە، ببێتە هۆی زیاتر بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لەو پارێزگایە، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە دوێنێش داوای لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کردووە کە پێویستە بە پێی دەستوور، قەرەبووی بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدان و زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق بکرێتەوە.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، دوایین هەنگاوەکانی پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە لایەن شاندی دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەختی لە وە کردەوە کە هەروەک چۆن لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ هەبوو، پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەش، هەماهەنگیی و لەیەکتێگەیشن لە نێوان هەردوولا هەبێت، بۆ ئەوەی یاسای بودجە بە باشی و دروستی و بەشێوەیەک جێبەجێ بکرێت کە لە خزمەتی گشت پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.

ئەنجوومەنی وەزیران، پێشوازی لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەکات و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، میکانیزم و ڕێکاری پێویست دادەنێت بۆ ئەوەی بڕگەکانی ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی، جێبەجێ بکرێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات ئەم پڕۆژە یاسایە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەند بکرێت تاکو هەرچی زووە، بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئێستای دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا و ڕاسپاردە و پێشنیاری پێویست سەبارەت بە چۆنیەتی زیادکردنی داهاتی گشتی خرانەڕوو، بەمەبەستی پڕکردنەوەی خەرجییەکان و دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دابەشکردنی لە کاتی خۆیدا.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه