بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، گۆڕانكاری لە چۆنیەتیی بڕینی بەشەخۆراكی هەندێك لە مووچەخۆراندا كراوە و ئەوەی مووچەی دوو ملیۆن دینار بێت، بەشە خۆراكی دەبڕدرێت.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ڕاگەیاند: بڕینی بەشەخۆراكی مووچە بەرزەكان، پێشتر ئەوانەی دەگرتەوە، كە مووچەیان یەك ملیۆن و 500 هەزار دینار بوو، ئێستا بڕیارەكە گۆڕاوە و بووەتە دوو ملیۆن دینار، بەڵام هێشتا نووسراوی فەرمی نەهاتووە، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، هەر بڕیارێكی تازە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆیان بنێردرێت، جێبەجێی دەكەن، گوتیشی: “ئەو كەسانەی بەشەخۆراكی مانگانەیان دەبڕدرێت، پسوولەی خۆراكیان هەر دەمێنێتەوە، بەڵام بەشەخۆراكیان رادەگیرێت، زیاتر ئەوانە دەگرێتەوە، كە پلە تایبەتن و بارودۆخیان باشە."
پێشتر کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "ئەو کەسانەی مووچەکانیان بەرزە، یان بازرگانن، بەشەخۆراکی مانگانەیان دەبڕدرێت و نووسراومان بۆ لایەنی پەیوەندیدار کردووە، بۆ ئەوەی لیستی ناوەکانیان بۆمان بنێرن.
ئاماژەی بەوەش دا، هەرکات لیستی ناوەکانیان بەدەست بگات، بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی ئەو کەسانە جێبەجێ دەکەن
رێكخەری وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، رایگەیاند: "ئەوانەی بەشەخۆراكی مانگانەیان بڕدراوە، بۆیان دابین دەكرێتەوە، بەتایبەت ئەوانەی مووچەكانیان لە یەك ملیۆن و 500 هەزار دینارە."
حوسێن سەبری، گوتیشی: "پێشتر ئەو كەسانەی مووچەیان یەك ملیۆن و 500 هەزار دینار بووایە، بەشەخۆراكی مانگانەیان لەلایەن بەغداوە دەبڕدرا، لە هەرێمی كوردستانیش خەڵكێكی زۆر بەو هۆیەوە، بەشە خۆراكیان بڕدراوە
بەپێی زانیارییەكانی لە پارێزگای دهۆك و هەولێر و سلێمانی، زیاتر لە دوو هەزار خێزان بەشە خۆراكیان بڕدراوە، ئەوانەش لە بەغدا دەوام دەكەن و مووچەكانیان لەسەر بەغدایە، بەڵام خەڵكی هەرێمی كوردستانن.
ئەوانەی بەشە خۆراكیان بەهۆی بڕیاری پێشوو بڕدراوە، جارێكی دیكە بۆیان دەگەڕێتەوە، ئەویش بەو مەرجەی، خۆیان سەردانی فەرمانگەی دابەشكردنی خۆراك بكەن.
وەڵام بدەوه