Kurdistan Press - شەپۆلێکی بارانبارین دەسپێ دەکات. شەپۆلێکی بارانبارین دەسپێ دەکات. | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

شەپۆلێکی بارانبارین دەسپێ دەکات.

بەشی پێشبینییەکانی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، سبەی شەپۆلێکی بارانبارین دەستپێدەکات و زیاتر کاریگەری لەسەر پارێزگاکانی سلێمانى، هەڵەبجە و بەشێک لە کەرکووک دەبێت و پێشبینی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاویش هەیە. بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانیش دەڵێت: "ئەو بارانبارینە تاوەکو رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت." 

رۆژی سێشەممە 07-03-2023، بەشی پێشبینی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند: "سبەی ئاسمان نیمچەهەور دەبێت لە تەواوى ناوچە جیاجیاکاندا، لەکاتەکانی ئێوارەشدا سنوورى پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و بەشێک لە کەرکووک دەکەونە ژێر شەپۆلێکى بارانبارین و هەورە بروسکە و پێشبینی تەرزەش دەکرێت."  

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان بێت، کاریگەرى شەپۆلی بارانبارینەکە بەرەبەیانیى رۆژى پێنجشەممە بەهێز دەبێت بەتایبەتی لە سەنتەرى پارێزگاى سلێمانى و ناوچە شاخاوییەکانی بەرزنجە، دەربەندیخان، پێنجوێن، قەرەداخ و سەنتەرى هەڵەبجە کە لەم ناوچانە بارانبارین دەگۆڕێت بۆ لێزمە بارانى بەردەوام و بەهێز لەگەڵ دروستبوونى هەورە بروسکە هاوکات پێشبینی بەرزبوونەوەى ئاستى ئاویش هەیە. 

ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو شەپۆلە بارانبارینەی سبەی بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە کاریگەرییەکەی درەنگی ئەمشەو دەستپێدەکات، زیاتریش پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و کەرکووک دەگرێتەوە و تاوەکو رۆژی هەینی بەشێوەی پچڕپچر بەردەوام دەبێت.

بە گوتەی ئاسۆ کەمال، کاریگەرى شەپۆلی بارانبارینەکە بەلاوازى لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر دەبێت، بەڵام پلەی گەرما نزمدەبێتەوە. 

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان سبەی پلەی گەرما بەمشێوەیە دەبێت:

هەولێر: 21 پلەى سیلیزى

سلێمانی: 17 پلەى سیلیزى

دهۆک: 19 پلەى سیلیزى

کەرکووک: 25 پلەى سیلیزى

هەڵەبجە: 21 پلەى سیلیزى

زاخۆ: 18 پلەى سیلیزى

سۆران: 17 پلەى سیلیزى

گەرمیان: 24 پلەى سیلیزى

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه