دەستەی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاند، پێشبینیی بارانبارین لە ناوچە جیاوازەکاندا دەکەین و هێشتا لە وەرزی زستانداین.
عامر جابری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی کەشناسیی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: ''هێشتا لە عێراق لە وەرزی زستانداین و ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە گۆڕانکاریی کەشوهەوا و وشکەساڵی بڵاو دەکرێتەوە، نادروستە.''
ئاماژەی بەوەش دا: "وەرزی بارانبارین هێشتا بەردەوامە، گۆڕانکاری لە پلەکانی گەرما لە نێوان نزمبوونەوە و بەرزبوونەوەدایە، ئەوەش حاڵەتێکی ئاساییه.''
عامر جابری ڕوونیشی کردەوە کە "هێشتا زستان ماوە و لە گۆڕانکاری بەردەوامداین و پێشبینیی بارانبارین لە ناوچە جیاوازەکان دەکەین.''
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی کەشناسیی عێراق جەختی کردەوە پیشبینی دەکرێ لە مانگی ئادار بارانبارین دەست پێ بکاتەوە.
ڕۆژی 9ی شوباتی 2023، سیروان ساڵح، شارەزای بواری كەشناسیی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند: سوپاس بۆ خودای گەورە لە هەموو ناوچەکان بارانی پێویست باریوە و ڕێژەی بارانبارین زۆر زیاترە لە پارساڵ، وەرزی بارانبارینیش سێ مانگی ماوە، له کاتێکدا هەندێ کەس خەڵکیان بە نەمانی ئاو و وشکبوونی ڕووبار و سەرچاوەکانی ئاو دەترساند.''
ئاماژەی بەوەش دا: "هیچ مەترسییەکی وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو لەئارادا نییە، چونکە هەڵکەوتەی ناوچەکەمان پڕە لە سەرچاوەکانی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی و هەرگیز تووشی مەترسیی لەو شێوەیە نابین کە باس دەکرا.''
ئەو كەشناسە گوتیشی: "بەپێی پێشبینییەكان لە مانگی 3 و لە مانگی 4دا بارانی باش دەبارێت.
سیروان ساڵح، ڕوونیشی كردەوە، لە هەولێر، سلێمانی و دهۆكیش بارانبارین باشە، لە هەندێك شوێن كەم باریوە، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت لەو شوێنانەش لە ماوەی داهاتوودا بارانی باش ببارێت.
وەڵام بدەوه