Kurdistan Press - چەند بڕیارێک لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم چەند بڕیارێک لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

چەند بڕیارێک لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم

ئەنجومەنی وەزیران دوا هەنگاوەکانی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدرال و ئامادەکارییەکانی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ تاوتوێ دەکات

سەرۆک وەزیران:

ئامادەین بۆ هەر هاوئاهەنگی و هاریکارییەک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان، چونکە چارەسەرنەکردنی کێشەکان، زیان بە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراق دەگەیەنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2/22، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی ئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە شاری دوبەی لە دەوڵەتی ئیمارات و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات و جیهان، هەروەها سەردانی فەرەنسا و کۆبوونەوە لە گەڵ سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی باڵای دیکەی فەرەنسا خستەڕوو.

سەرۆک وەزیران و ئەندامانی شاندەکە، ئاماژەیان بەوە دا کە لە هەر دوو وڵاتدا، لە ئاستێکی زۆر باڵا، پێشوازی لە شاندی هەرێم کرا کە ئەمەش نیشانەی پێگەی گرنگ و بەهێز و پێشکەوتنی دیپلوماسیی هەرێمی کوردستانە لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.

سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە لە کۆبوونەوە و دیدارەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهات و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە کرا.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شاندی دانوستانی حکومەتی فیدراڵ لە ڕۆژی 2/19 سەبارەت بە پڕۆژە یاسای نەوت و گازی ئیتیحادی، کە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی شاندەکە خرایەڕوو.

سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشیکردن لە شاندی هەرێم، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووە کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەین بۆ هەر هاوئاهەنگی و هاریکارییەک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، چونکە چارەسەرنەکردنی کێشەکان، زیان بە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراق دەگەیەنێت.

سەرۆکی حکومەت دووپاتیشی کردەوە، کە هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی نابێت .

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا هەردوو تیمی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدرال و پڕۆژە یاسای نەوت گاز، سبەی سەردانی بەغدا بکەنەوە، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان لە پێناو تەواوکردنی دوا هەنگاوەکانی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدرالی و هەروەها تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای نەوت وگازی فیدراڵ.

لە بڕگەی سێیەم وکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( ڕێگاوبانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان ) لە لایەن دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە خرایەڕوو. کە ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، پاراستنی سەلامەتی پێکهاتەکانی ڕێگاوبانە گشتییەکان و چاککردنەوەیان و ڕێگریکردن لە دەستدرێژیکردنە سەریان و هەروەها دیاریکردنی قەدەغەکراوی ڕێگاوبانە گشتییەکانە.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا پڕۆژە یاساکە زیاتر دەوڵەمەند بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی ڕاوسەرنجەکان، بەمەبەستی ئامادەکردنی بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران و پاشان پەسەندکردنی و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان .

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه