نووسراوەکەی دادگەی ئاسایشی هەولێر لەلایەن دادوەر ئەریڤان مستەفا محەممەد واژۆی لەسەر کراوە و سەرجەم نووسراوە ئاماژە بۆکراوەکانی نێو نووسراوەکەی لەگەڵدا هاوپێچ کراوە و وێنەیەکی بۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نێردراوە.
بەپێی زانیارییەکان نووسراوەکەی دادگە گەیشتووەتە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها لاهوور شێخ جەنگیش ئاگادارکراوەتەوە، بڕیارە رۆژی رۆژی سێشەممە بۆ ئەو مەبەستە لە شاری سلێمانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی بە ئامادەبوونی دەزگاکانی راگەیاندن بکات، یان لە رێگەی پەیامێکی ڤیدیۆیی قسەی خۆی لەسەر بڕیاری کۆتایی دادگەی ئاسایشی هەولێر هەبێت و خۆی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی بناسێنێتەوە.
لە دوای بڕیارەکەی پێشووی دادگەی ئاسایشی هەولێر کە رۆژی 1-2-2023 دەرچووە و وەڵامی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی داوەتەوە و لاهوور شێخ جەنگیی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی ناساندبوو، لاهوور شێخ جەنگی ژمارەیەک نووسراوی ئاراستەی بەرپرس و دامەزراوەیەکی یەکێتی و کۆنسوڵخانە و شوێنی دیکەش کردبوو و خۆی بە هاوسەرۆکی یەکێتی ناساندووە.
رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەقبوونەوە دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتربوو، تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووز مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە.
دواتر لاهوور شێخ جەنگی، بە تۆمەتی پێشێلکردنی پەیڕەوی یەکێتی و بڕیاری نایاسایی، لە بەغدا و سلێمانی، سکاڵای یاسایی لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆمارکرد.
رۆژی 30-1-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق لەبارەی سکاڵایەکی لاهوور شێخ جەنگیی تایبەت بە رێوشوێنەکانی نێوخۆی یەکێتی لەدوای رووداوەکانی 8ـی تەممووزی 2021ـەوە کۆبووەوە کە لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە داوای کردبوو بڕیارەکانی تایبەت بە دەرکردنی خۆی و ئەندامانی دیکەی یەکێتی لە ریزەکانی ئەو حیزبە، دانانی ژمارەیەک کەس بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، دانانی بافڵ تاڵەبانی وەکو سەرۆکی یەکێتی، گۆڕانکارییەکانی پەیڕەوەی ناوخۆی یەکێتی هەڵبوەشێنێتەوە.
لە بەرامبەردا کۆمیسیۆن کە پشتی بە بەڵگەنامە سەرەتاییەکان و بڕیارێکی دادگەی بەرایی سلێمانی لە رۆژی 9-10-2022 بۆ بڕیاردان لەبارەی دۆسییەکەوە بەستووە و بڕیاریدا بە "پەسندکردنی بڕیاری فەرمانگەی کاروباری حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی ژمارە (ش.ح/خ/84) لە رۆژی 15-1-2023 کە داواکارییەکانی پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی رەتدەکاتەوە.
بەگوێرەی نووسراوێکی دادگەی لێکۆڵێنەوەی ئاسایشی هەولێر کە لە 1-2-2023 دەرچووە و دەقەکەی دادگە وەڵامی نووسراوێکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەداتەوە و دەڵێت: "لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە
وەڵام بدەوه